هێمن غەریب ڕەحمان
لەم رۆژانەدا لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆیەک سەرنجی راکێشام، هاوڵاتییەک لەبەردەم بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی( ئەو شوێنەی مامەڵەی دراو و زێڕ و زیوی تیادا دەکرێت) وەستاوە و گۆرانی بۆ ئەو خەڵکە دەڵێت، گۆرانی چی ؟ سەوزەڵێ خانم! بۆ ؟ زۆرینەی ئەو خەڵکەی لەوێ وەستاون زەرەرێکی زۆریان لە کڕین و فرۆشتنی زیو کردووە و بەشێکیان ئیفلاسیان کردووە( کورد وتەنی گیرفانیان سەوزەڵێ خانم دەڵێت!)
ئێستا دۆخەکە لە هەرێم بەجۆرێکە و گوزەرانی خەڵک بەجۆرێکە لە سایەی سەری پارتی و یەکێتی، گیرفانی هاوڵاتیان هەمووی سەوزەڵێ خانم دەڵێت! ئاخر بە ریشی کێ رەوایە لە مانگی ٢ـداین و هێشتا موچەی مانگی ١١ـمان وەرنەگرتووە!
مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ـی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ماوەبەسەرچوو داهاتی نانەوتی (١٢٠ ملیارەکەی ) ئەو دوو مانگەشی بۆ بە بەغدا نەناردووە. واز لەوەش بێنە راهاتوون هەموو ساڵێک موچەی چەند مانگێکمان بخورێت! ئێ باشە حکومەتی ماوەبەسەرچوو! بۆچی تا ئێستا ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی مانگی یەکت رادەستی بەغدا نەکردووە؟ بۆ چێژ لە چەوساندنەوەی خەڵک وەرەگرن ؟ ئێ ئەوەتا لە عێراقی دراوسێمان دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک کۆتاییهات و دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی خانەنشینان دەستیپێکردووە! بەڵام حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی ئێمە تا ئێستا١٢٠ ملیارەکەی داهاتی نانەوتیی مانگی یەکی رادەستی بەغدا نەکردووە تاوەکو مووچەی مانگی یەکی بۆ بنێردرێت.
ئەوەتا لە سایەی سەری جەنابتان گیرفانی خەڵک سەوزەڵێ خانم دەڵێت! نازانم ئاخۆ تا کەی خەڵک لێتان قبووڵ دەکات بەم شێوەیە بیانچەوسێننەوە و گاڵتە بە هەست و شعوریان بکەن؟
