ئامانج مەحموود
لە هەرێمی کوردستان، وشەی “خوێندنی باڵا” چیتر مانای دروستکردنی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار نادات، بەڵکو بووەتە پەردەیەک بۆ یەکێک لە گەورەترین پرۆسەکانی تاڵانکردن و بەبازرگانیکردنی ژیانی گەنجان. دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بە پلانێکی سیستماتیک، زانکۆ حکومییەکانیان خستووەتە سەر لێواری مەرگ؛ نە بودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، نە تاقیگە و بەشە ناوخۆییەکانیان نۆژەن دەکەنەوە، و نە ڕێگە دەدەن مامۆستایانیان بە ئازادی وانە بڵێنەوە. ئامانج لەم وێرانکارییە چییە؟ زۆر سادەیە: ناچارکردنی گەنجان و خێزانەکانیان بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر ئەو دەیان “زانکۆ ئەهلی و تایبەتە”ی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەندارێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردە سیاسییەکان و کۆمپانیاکانیان !
لە واقیعدا، شتێک نەماوە بە ناوی “زانکۆی گشتی” لە کوردستان، بەڵکو ئەوەی هەیە “زانکۆی حکومەت و حیزبە”. ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی سەربەخۆ بن، بەتەواوی کۆنترۆڵ کراون؛ لە دیاریکردنی سەرۆک زانکۆوە بگرە تا ڕاگری کۆلێژەکان، هەمووی بە بڕیاری مەکتەب سیاسیی پارتی و یەکێتی و لەسەر بنەمای وەلائی حیزبی دادەنرێن نەک لێهاتوویی زانستی. ئەم دەستتێوەردانە وای کردووە زانکۆکان ببنە بارەگای حیزبی بۆ سەرکوتکردنی دەنگی جیاواز، نەک ناوەندێک بۆ توێژینەوە و بیرکردنەوە. کاتێک زانکۆیەک نەتوانێت بەشە ناوخۆییەکی شیاو بۆ خوێندکارێکی هەژار دابین بکات یان ئامێرێکی تاقیگەی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت کێبڕکێی زانستی بکات؟ ئەمە سیاسەتی “برسییکردنی زانکۆ گشتییەکانە” تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئیفلیج دەبن.
لە لایەکی تریشەوە، زانکۆ تایبەتەکان کە وەک قارچک لە هەموو شارەکان سەوز بوون، بوونەتە مەکینەی دۆشینی گیرفانی خەڵک. لەکاتێکدا دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکات کە داشکاندنی لە کرێی خوێندندا کردووە ، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پارەی سەرەکی هەر دەچێتە گیرفانی ئەو ئۆلیگارشییانەی کە سیستەمی پەروەردەیان کردووەتە کاڵایەکی قازانجویست. تەنانەت خوێندنی “پارالێڵ و ئێواران” لە زانکۆ حکومییەکانیشدا، هەنگاوێکی ترە بۆ ڕووتاندنەوەی ئەو خوێندکارانەی کە نەیانتوانیوە نمرەی بەرز بهێنن و پارەشیان نییە بچنە زانکۆ تایبەتەکان. واتە لە هەر لایەکەوە بیگریت، سیستەمەکە وا داڕێژراوە کە دەبێت هاوڵاتی باج بداتە دەسەڵات بۆ ئەوەی بڕوانامەیەک وەربگرێت کە لە کۆتاییدا هیچ هەلی کارێکیشی بۆ نادات!
ئەمە ترۆپکی بێئەخلاقیی سیاسییە کاتێک نیشتمانێک داهاتووی نەوەکانی خۆی دەکاتە قوربانیی قەڵەوکردنی سەرمایەی چەند کەسێک. کاتێک پەروەردە بووە بازرگانی، ئیتر نیشتمان دەبێتە وێرانە!
