فەرهەنگ فەرهاد عومەر
کاتێک حوکمڕانی لەسەر بنەمای پڕۆپاگەندە و قۆرخکاری بونیاد دەنرێت نەک پلانێکی زانستیی تۆکمە، ئەنجامەکەی دەبێتە پڕۆژەیەک کە ناوی “ڕووناکی”یە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها تاریکی و کابووس بۆ خەڵک دەهێنێت. پڕۆژەی “ڕووناکی” کە مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەم وەک گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی و ڕزگارکەری میللەت لێی دەدەن ، لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی ئیفلیج و ناجێگیرە، چونکە بە تەواوی پشت بە سەرچاوەیەکی ناجێگیر دەبەستێت کە ئەویش گازی سروشتییە.
کارەساتەکە لێرەدایە: حکومەت بە ناوی “ڕووناکی”یەوە هەزاران مۆلیدەی ئەهلیی کوژاندووەتەوە ، خەڵکی ناچار کردووە باجی گرانتر بدەن بە کۆمپانیاکانی کارەبا، بەبێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەک یان یەدەگێکی ئەمنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات. نزیکەی ٨٠٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان پشتی بە غازی کێڵگەی کۆرمۆر بەستووە ؛ هەر کاتێک درۆنێک یان موشەکێک لەلایەن میلیشیاکانەوە ئاراستەی ئەو کێڵگەیە دەکرێت (کە بەردەوام ڕوودەدات)، غاز دەبڕێت، وێستگەکانی کارەبا لەکاردەکەون، و لە یەک چرکەدا ملیۆنان هاوڵاتی دەبنە قوربانیی تاریکییەکی ترسناک و بێ بڕانەوە. خەڵک لە کاتێکدا غازی نیشتمانیان لێ بڕاوە، مۆلیدەکانیشیان لێ سەندراوەتەوە، و تەنها لەناو ماڵە تاریکەکانیاندا دەبێت باجی شکست و بێباکی سەرۆک وەزیران بدەن.
باشە حکومەتێک کە بانگەشەی دەوڵەتداریی مۆدێرن دەکات، چۆن دەتوانێت چارەنووسی ٢٤ کاتژمێر کارەبای تەواوی هەرێمێک و ئابوورییەکەی، گرێ بدات بە یەک کێڵگەی غازەوە کە هیچ سیستەمێکی بەرگری و پاراستنی نییە ؟ ئاخر کام عەقڵی ئەندازیاری و سیاسی قبوڵی دەکات کە پڕۆژەیەکی ئاوا هەستیار جێبەجێ بکەیت پێش ئەوەی ئاسایشی ژێرخانەکەی مسۆگەر بکەیت؟ مەسرور بارزانی، لەبری ئەوەی دان بەم شکستە ستراتیژییەدا بنێت و چارەسەری یەدەگ بۆ قەیرانی غاز بدۆزێتەوە، تەنها دێتە سەر شاشەکان و هەڕەشە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان دەکات یان سوپاسی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز دەکات ! لەم نێوەندەشدا، هەمان ئەو پڕۆژەیە خەریکە کارەبای بەغداش دەبڕێت و پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەکات. ئەمە پێشکەوتن نییە؛ ئەمە دروستکردنی بۆمبێکی کاتییە لەناو ژیانی خەڵکدا.
وینستۆن چەرچڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، دەڵێت: “ئەوەی نەتوانێت پێشبینیی قەیرانەکان بکات پێش ئەوەی ڕووبدەن، شایستەی ئەوە نییە سەرکردایەتیی میللەتێک بکات.” کابینەی مەسرور بارزانی نەیتوانی یان نەیویست پێشبینی بکات کە گرێدانی تەواوی ژیانی خەڵک بە یەک بۆری غازەوە، وڵات دەخاتە ناو دۆزەخێکی تاریکەوە.
