ئەمین سەردار سدیق
ئەگەر لە مێژووی هاوچەرخی کورددا ڕۆژێک هەبێت کە تا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی دەسەڵاتداریی کوردییەوە بمێنێتەوە، بێگومان ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧یە. ئەو ڕۆژەی کە تێیدا کەرکوک و زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان، بەبێ تەقە و لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری حیزبی، ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرا. ئەمە تەنها “پاشەکشەیەکی سەربازی” نەبوو وەک ئەوەی ئێستا هەندێک سیاسیی هەرزەکار هەوڵ دەدەن پاساوی بۆ بهێننەوە، بەڵکو خیانەتێکی نەتەوەیی ڕووت و ڕەها بوو کە تێیدا خوێنی سەدان پێشمەرگە و فرمێسکی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کوردی ئاوارەی کەرکوک و خورماتوو، کرانە قوربانیی پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی باڵێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕاستی جێگەی شەرمە کە حیزبێک خۆی بە “خاوەنی کەرکوک” بزانێت، بەڵام بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئامادە بێت هەموو دەستکەوتەکانی کورد بە یەک شەو لەبار ببات. بەپێی وتەی پارێزگاری پێشووی کەرکوک و تەنانەت سەرکردە باڵاکانی ناو خودی یەکێتی (وەک کۆسرەت ڕەسوڵ)، ئەم کارەساتە بەرهەمی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری باڵێکی یەکێتی بوو لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی ڕێگە بە پێشڕەویی میلیشیاکان بدرێت. بەڵام پاداشتی ئەم هەرزەکارییە سیاسییە چی بوو؟ ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە بەشێک لەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای قاچاغچێتیی نەوت بووە؛ واتە تەسلیمکردنی شارێک بە میلیشیاکان لە بەرامبەر پشکێک لەو ملیۆنان دۆلارەی کە ڕۆژانە لە نەوتی کەرکوکەوە قاچاغ دەکرێت بۆ ئێران! ئایا لەوە کارەساتبارتر هەیە کە چارەنووسی نەتەوەیەک بخرێتە گرەوی دەوڵەمەندکردنی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییەوە؟
ئەنجامی ئەم ڕادەستکردنە، وێرانکردنی تەواوەتیی پێگەی کورد بوو لە ناوچە جێناکۆکەکان. دوای خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کورد دەیان پۆستی باڵای لەدەست دا، لەوانە پۆستی پارێزگار، بەڕێوەبەری پۆلیس، و سەرۆکی فەرمانگەکان، و لە جێگەی ئەوانە کەسانی عەرەبی شۆڤێنی و میلیشیاکان دانران کە خەریکی جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی نوێی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەن. یەکێتی کە پێی وابوو بەم کارە دەبێتە سوڵتانی کەرکوک، ئێستا دەبینێت چۆن دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی حەشدی شەعبی و بڕیارەکانی بەغدادایە، و تەنانەت ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان بچووکترین بڕیار لە شارەکەدا بدات.
تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵییەتە بازرگانی و خۆفرۆشییە حوکمی سیاسیی کورد بکات، کەرکوک هەرگیز ناگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان، بەڵکو دەبێتە مێرگێک بۆ میلیشیاکان و قاچاغچییەکانی نەوت. ئەگەر خەڵکی کوردستان باوەڕیان بەم درۆیانە مابێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێی کارەساتی گەورەتر بن!
