سەرکەوت رەمەزان علی
لەسەر کاغەز و لەبەردەم کامێراکانی جیهاندا، هەرێمی کوردستان یەک حکومەت و یەک پەرلەمان و یەک سەرۆکایەتیی هەیە، بەڵام لە واقیعی تاڵی ڕۆژانەدا، ئێمە لەناو دوو میرنشینی جیاوازدا دەژین! زۆنی زەرد بە بەڕێوەبەرایەتیی پارتی لە هەولێر و دهۆک، و زۆنی سەوز بە کۆنترۆڵی یەکێتی لە سلێمانی و بەشێک لە کەرکووک، بوونەتە دوو دەوڵەتی شاراوە کە تەنها شتێک کۆیان دەکاتەوە، تاڵانکردنی هاوڵاتییانە. ئەم دابەشبوونە تەنها هێڵێکی جوگرافی نییە لە بازگەی دێگەڵە، بەڵکو دابەشبوونێکی کوشندەی هەموو جومگەکانی ژیانە؛ لە ئاسایش و پێشمەرگەوە بگرە تا دەگاتە دادگاکان، ئابووری، و تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش، کە هەموویان بوونەتە قوربانیی ئەم ململانێ بێهودەیەی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتدار.
ئەوەی زۆرترین مەترسیی لەسەر ئایندەی ئەم هەرێمە دروست کردووە، مانەوەی دوو هێزی چەکداری حیزبییە لەژێر ناوی ساختەی “هێزی نیشتمانی”. یەکەی ٧٠ی سەر بە یەکێتی و یەکەی ٨٠ی سەر بە پارتی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەم دوو حیزبە هێزە چەکدارەکانیان نەک بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە هەڕەشەی دەرەکی و میلیشیاکان، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی کورسییەکانی خۆیان، ترساندنی یەکتر، و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی بەکاردەهێنن. سەرەڕای هەموو فشارە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەکانی هاوپەیمانان بۆ بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان، سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی ئامادە نین ئەم هێزانە بەڕاستی یەکبخەنەوە. ئەوان باش دەزانن لەو ڕۆژەی پێشمەرگە و ئاسایش ببنە هێزی نیشتمانی و لەدەستی حیزب دەربهێنرێن، شەرعییەتی زۆرەملێ و تۆقێنەری دەسەڵاتەکەیان کۆتایی دێت.
دەبێت خەڵکی کوردستان لەوە تێبگات کە مانەوەی ئەم قەوارەیە بەم شێوازەی ئێستا، مانای لەناوچوونی یەکجارەکیی خەونی نەتەوەیەکە. ٣٥ ساڵە پارتی و یەکێتی بە بیانووی “پاراستنی باڵانس”ەوە نیشتمانیان دابەش کردووە و دەستیان خستووەتە ناو خوێن و گۆشتی ئەم میللەتەوە. چاوەڕوانکردنی ئەوەی کە ئەم دوو حیزبە لە خۆیانەوە چاکسازی بکەن و کۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنن، خۆشخەیاڵییەکی کوشندەیە، چونکە ئەوان بۆ مانەوەیان پێویستیان بەم دابەشبوونە هەیە. وەک چۆن دەڵێن: ماف نادرێت، بەڵکوو دەسەنرێت! تاکو خەڵک بڕیار نەدات ئەم سیستەمە دووفاقییە ڕەت بکاتەوە و بە زەبری جەماوەری داوای یەک حکومەتی ڕاستەقینە و یەک هێزی نیشتمانی نەکات، ئێمە هەرگیز نابینە خاوەنی نیشتمان، بەڵکو تەنها دەبینە دیلێکی بێماف لەناو کێڵگەی دوو مافیای سیاسیدا!
