خوێندراوەتەوە: (16.4K)

ڕاستگۆ محمد سەعید

ئەگەر لە ڕابردوودا میلیشیا چەکدارەکان پێویستیان بە چەکی قورس بووبێت بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتێک و سەپاندنی هەژموونی خۆیان، ئەوا لە عێراقی ئەمڕۆدا ئەو کارە لە ڕێگەی “سندووقی دەنگدان” و پرۆسەی دیموکراسییەوە دەکەن! حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، قۆناغی بەرەکانی جەنگیان تێپەڕاندووە و ئێستا خەریکی “کودەتایەکی سپی و قانوونین” بۆ ئەوەی خۆیان ببنە خودی دەوڵەتەکە. لەم قۆناغە نوێیەدا، ئەوانەی دوێنێ لە دەرەوەی یاسا بوون، ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانەوە یاسا بەسەر میللەتدا دەسەپێنن و پێشێلکارییەکانیان شەرعیەت پێ دەدەن.

لێکۆڵینەوە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەریخست کە چۆن باڵە سیاسییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی—وەک بلۆکی سادقوون (سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق)، ڕێکخراوی بەدر، و بزووتنەوەی حقوق—توانیویانە کۆنترۆڵێکی گەورە بەسەر پەرلەمانی عێراقدا بکەن و نزیکەی ٥٠ بۆ ٨٠ کورسی لە چوارچێوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا بەدەست بهێنن. ئەوان بەم هەژموونە پەرلەمانییەیان، ئیتر نەک هەر کار بۆ دروستکردنی باڵادەستیی سەربازی دەکەن، بەڵکو دەیانەوێت یاساکانی وەک “یاسای دەستەی حەشدی شەعبی” تێپەڕێنن کە دەسەڵاتی تەواویان پێ دەدات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، دەستگیرکردن و دروستکردنی زیندانی تایبەت بە خۆیان. ئەمە واتە تێکەڵکردنی تەواوەتیی “تیرۆر” و “سیاسەت” لە یەک قاڵبدا، بە جۆرێک کە چەکدارێک لە بەیانیاندا یاسادانەرە و لە شەویشدا ڕفێنەر و بکوژە!

لە کاتێکدا ئەم گرووپە چەکدارانە خەریکی قوتدانی دەوڵەتی عێراقن، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە جیاتی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانیی بەهێز لە بەغدا، خەریکی ململانێی ناوخۆیین. هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم (پارتی و یەکێتی) لەبری وەڵامدانەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارەی حەشد کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی وێرانکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، سەرقاڵی شەڕی پۆستەکانن لە بەغدا (وەک پۆستی سەرۆک کۆمار). ئەوان ئامادەن مامەڵە و سەودا لەگەڵ ئەم بلۆکە چەکدارانەدا بکەن، بەو مەرجەی پشکی کۆمپانیاکانیان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لە نەوت و تەندەرەکان مسۆگەر بێت.

ماکیاڤێلی سەدان ساڵ پێش ئێستا هۆشداری داوە: “چەکدارانی کرێگرتە و میلیشیاکان، لە کاتی ئاشتیدا بە قانوون وڵات تاڵان دەکەن، و لە کاتی جەنگیشدا بە شمشێر.” ئەمڕۆ لە عێراقدا، حەشدی شەعبی بە بەکارهێنانی سندووقەکانی دەنگدان و پرۆسەی سیاسی، خەریکە بە قانوون مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی هاوڵاتییان تاڵان دەکات. دیموکراسی لە عێراق بوونى نیە ، کە سندووقی دەنگدان بووە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە میلیشیاکان. تا ئەو کاتەی دەوڵەت لەبری چەکدارکردنی سوپایەکی نیشتمانی، ببێتە مووچەخۆری باڵە سیاسییەکانی تیرۆر، و تا سیاسییەکانی کوردیش بازرگانی بە دەنگی گەلەوە بکەن، ئەم وڵاتە هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و بەردەوام دەبێت لەسەر لێواری داڕمان!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 83 Today: 3,097 📊 Click Here