ئاکار قادر
ئەوە هەرێمێکە کە هەموو رۆژێک باسی دیموکراسی و ئازادی دەکات، بەڵام لە کاتی خۆیدا میدیا سەربەخۆکان دادەخات و دەنگی ڕەخنەگران بڕدەکاتەوە! NRT. تەنها نموونەیەکە لە درێژەیەکی دوور و درێژ لە سەرکوتکردنی ئازادی ڕاگەیاندن، چونکە هەر میدیایەک هەوڵی ڕاستگۆیی بدات و گەندەڵی و کەموکوڕى حکومەت ئاشکرا بکات، دەبێتە ئامانجی هەڕەشە و داخستن!
ئایا ئەمە ئەو دیموکراسیەیە کە بەردەوام باسی دەکەین؟ ئایا ئەمە ئەو ئازادیەیە کە لە دەستوردا نووسراوە؟
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕی هەواڵ داخراون، تەنها لەبەر ئەوەی ڕاستییان وتووە! کاتێک NRT هەوڵی دەدا گەندەڵی و دزی و سووکایەتی بە خەڵک ئاشکرا بکات، حکومەت بە هەڵکوتانە سەرى و داخستنیان! ئەمە دەرسێکی سەختە بۆ هەموو میدیایەک کە بیەوێت سەربەخۆ بێت: یان دەنگی حکومەت ببە، یان داتدەخەین!
سەیرە، ئەو حکومەتەی کە خۆی بە پارێزەری ئازادی دەناسێنێت، یەکەم شتێک کە دەیکات لە کاتی ڕەخنەدا، داخستنی میدیایە! ئایا ئەمە نیشانەی لاوازی و ترسە؟ ئایا حکومەتێکی بەهێز و دروست پێویستی بە داخستنی میدیای سەربەخۆ هەیە؟
ڕاستی ئەوەیە، هەرێم بەرەو ڕۆژگاری تاریکی دەچێت، ڕۆژگارێک کە تەنها دەنگی یەک لایەن دەبیسترێت و هەموو دەنگێکی دیکە دەبڕدرێتەوە. میدیا حکومییەکان (کە بە پارەی خەڵک بەڕێوە دەچن!) تەنها ستایشی بەرپرسان دەکەن و قسەی خەڵکی ئاساییان گوێ لێنییە، بەڵام ئەو میدیایانەی هەوڵی ڕاگەیاندنی ڕاستی دەدەن، یان دەداخرێن یان هەڕەشەیان لێدەکرێت.
ئیبن ڕوشد (Averroes) پێش سەدان ساڵ وتوویەتی: “لاوازترین حکومەت ئەو حکومەتەیە کە لە ڕەخنە دەترسێت!” ئەمڕۆش دەبینین حکومەتی هەرێم چەندە لە ڕەخنە دەترسێت و چەندە هەوڵ دەدات هەموو دەنگێکی جیاواز بڕبکاتەوە.
کاتێک میدیای سەربەخۆ نەمێنێت، گەندەڵی و دزی باڵادەستی دەکات، چونکە کەس نییە بەدواداچوون بکات! کاتێک دەنگی ڕەخنەگر نەمێنێت، دیکتاتۆری دەستپێدەکات، چونکە کەس نییە “نەخێر” بڵێت! ئەمە یاسای مێژوویە، و ئێمە ئێستا لەو ڕێگایەدا دەڕۆین!
ئەگەر ئەمڕۆ NRT بێت و سبەینێ میدیایەکی دیکە، ئەوا دوای سبەینێ تۆ دەبیت! چونکە دوای میدیای سەربەخۆ، نۆرەی ئازادی قسەکردنی هاوڵاتی ئاسایی دێت. ئەو ڕۆژە هەرێم دەبێتە زیندانێکی گەورە، کە تێیدا هەموومان بەندی و بێدەنگین!
