جێگر سەلێمان ساڵح
مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکە کە ئێستا بە فعلی هەموو دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانیی باوکی پێدراوە و بووەتە کەسی یەکەمی پارتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێکی توندی ئاڕاستەی یەکێتی کرد کە لاف و گەزافی ئازادی لە زۆنی سەوز لێدەدا و دەیوت، ئەوە ئازادی نییە بە تانک و تۆپ بچیتە سەر هۆتێل و ئۆپۆزسیۆنی خۆت! قسەکانی جەنابی برازل هەر مانگێکی نەخایاند لە هەولێر بە هێزی تایبەت و هەمەر و باجەر و چەکی قورسەوە پەلاماری هاوڵاتیانان دا، تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافێکی سەرەتایی خۆیان دەکرد کە دامەزراندن بوو!
بە تەقەی هێزەکانی پارتی، گەنجێکی خێر لە خۆنەدیوی کەرکوک کە بۆ کارکردن چووبووە پاڵاوگەکەی جەنابی برازل، شەهید کرا و منداڵێکی تەمەن دوو مانگی لەدوا بەجێ ما! نە کەس گیرا لەسەر کوشتنی و نە هیچ! تەنانەت بێشەرمانە حکومەتەکەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو خەڵکەی بە گێرەشێوێن ناودەبرد! ی
ئاخر چی بە حزبێک دەڵێیت کە دەستی سوورە بە کوشتنی خۆپیشاندەران! هەر ئەمان نەبوون لە ١٧ـی شوبات لە سلێمانی دەستڕێژی گوللەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ئەوکاتیش رێژوانیان شەهید کرد!
ئەوەی ئێستا لە هەولێر دەگوزەرێ، جێگەی مەترسیە! لە هەرکۆمەڵگایەک و شاروئاوەدانی و گەڕەکێک یاسا سەروەر نەبوو، دۆخی بەرەڵایی و یاساشکێنی و دەست درێژی کردنە سەر مافی یەکتر لە حاڵەتەوە ئەبێ بە دیاردە و لە دیاردەشەوە بۆ کولتور. دۆخی هەولێر لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارە مافیاگەرەکانیەوە تا دێ روو لە شاری بێ یاساو تاوانکاری و بەرەڵایی دەکا و سیمای جوانیەکەی لەدەست دەدات و لە جوانی جارانی دەکەم دەبێتەوە… شەڕەچەقۆ، دەستدرێژی کردنە سەر مناڵی شەش ساڵان سوتاندنی ڕیشی مامۆستایانی ئاینی هتد..،تەقینەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتی و تووڕەییەکان، هەژمونی دۆخی مافیاگەری، یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان لە رێگەی چەک، تاڵانی و بڕۆ، بوخاربوونی داهات و بودجەی گشتی، ونبوونی موچەی خانەنشینانی داماو، پەرەسەندنی دیاردەی چەکداری، هەراسان کردنی سەرمایەداران و ….هتد چەن نمویەکن لە سیمای ئێستای هەولێرلە ژێر سایەی رەحمەتی بێ بەزەییانەی واقعی پارتی و عەشیرەت گەرای و رەفتاری مافیائاساییانەی ژەنەراڵەکانی شارەوە.
بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە نەک هەر بۆ هەولێر و دانیشتوانە تووڕەکەی جێگەی مەترسی هەڵوەستەلەسەر کردنە، بەڵکو لە داهاتوودا رەنگە بۆ شارو شارۆچکەو قەزاوناحیەکانی تریش پەل باوێت و دۆخی ئەمنی و تەناهی سەرتاسەری پارێزگاکە لە کۆنترۆڵ دەربچێ و ئیدارە و کوێخا خۆسەپێنەکانیش فریای رزگارکردنی نەکەون
