بەناز صادق عبدللە
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر بارزانی نوری مالیکی بە بڕینی مووچەو قوتی خەڵکی کوردستان تۆمەتبار دەکرد و دەیوت نابێت ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مشتومڕی جیاواز لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دروست بووە لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، لەسەرووی هەموویانەوە نوری مالیکی دەیەوێت یان خۆی یان کەسێکی تر لەبری محمد شیاع سوودانی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.” ڕاوێژکارێکی مالیکی بەمیدیاکانی گوتوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق باس لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، کۆمار و سەرۆکوەزیران بکرێت.
پێشوازیکردن لە مالیکی لەلایەن مەسعود بارزانی شەقامی سیاسی کوردستان دەهێنێتە قسە، پرسیار ئەوەیە بۆچی تا دوێنێ مالیکی دوژمن بوو بەڵام ئەمڕۆ وەک دۆست پێشوازی لێدەکرێت، بۆچی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەدوژمن وێنا دەکرێن لەلایەن پارتیەوە بەڵام بۆخۆیان زۆر بێ شەرمانە لەگەڵیان کۆدەبنەوەو پشک و پلەو پۆستیان لێ وەردەگرن.
هاتنی مالیکی بۆ هەولێر جگە سازشکردن و خۆچەماندن بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست هیچ ماناو بەهایەکی دیکەی نیە، کەلەبنەڕەتدا سازش و خۆچەماندن بۆ دوژمنانی گەلی کورد سروشتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بووە.
