بەها ئەعرەجی، سەرۆكی كوتلەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن، 30ی ئەیلوول وادەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانە، بەڵام هێزێكی ئەمریكا بە مەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دبلۆماسییەكان دەمێنێتەوە و ناكەوێتە چوارچێوەی كشانەوەی هێزەكان. هاوكات بەها ئەعرەجی سەبارەت بە پرسی چەكیش جەختی كردەوە كە كۆكردنەوەی چەك بڕیارێكی نیشتمانیی عێراقییە و بە ڕۆژێك یەكلا نابێتەوە، بەڵكو كات و دانوستانی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان پێویستە. لەلایەكی دیكەوە، ئەندرۆ تابلەر، توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن و بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا پشتڕاستی كردەوە كە دوای 30ی ئەیلوول، بەشێك لە هێزە ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە لە بەغدا و كونسوڵخانە لە هەولێر دەمێننەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە كۆتاییهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم مانگەدا لەلایەن بەشێك لە گرووپەكانەوە وەك مەرجێك بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی چەكەكانیان دانراوە.
