سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕانیە باسی مەترسی ڕێگای لیبیاو توونس و گێڕانەوەی ژمارەیەك پەنابەر كە لەو وڵاتانە دەستگیر كراون دەكات. بەكر عەلی دەڵێت: نزیكەی 300 هاووڵاتی پەنابەری هەریمی كوردستان لە لیبیاو تونس گیریان خواردووە، بەشێكیشیان كە ژمارەیان 81كەسە زیاتر لە دومانگە لە ژێر دەسەڵاتی میلشیاكاندا دەستبەسەرن كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی ئازادكردن و گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەدان. ناوبراو ئاشكرایكرد كە لە نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتی بە مەبەستی كۆچ هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە. هۆكاری سەرهەڵدانەوە و بەردەوامی كۆچیش بۆ نادادی و بێكاری و خەمساردی دەسەڵاداران دەگەڕێنێتەوە.
