بانكی ناوەندیی عێراق قەبارەی كۆی گشتی قەرزی سەر وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات و ڕایشیدەگەیەنێت: هیچ كۆتوبەندێك لەسەر خەرجكردنی داهاتی نەوت گلدراوە لە بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكاوە نییە. لە نووسراوێكدا كە وەڵامی ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داوەتەوە، عەلی عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت: كۆی گشتی قەرزە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی وڵات 150 ملیار دۆلارە. بەپێی نووسراوەكە قەبارەی قەرزی نێوخۆیی 91 ترلیۆن دینارە، قەرزی دەرەكییش تا 30ی حوزەیران، مانگی شەشی ئەمساڵ 54 ملیار و 957 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیە تەنیا 10 ملیار و 611 ملیۆن دۆلاری هی دوای ساڵی 2003یە و ئەوەی دیكە كە 44 ملیار و 346 ملیۆن دۆلارە قەرزی بەر لە ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە. لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەدا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی بوونی كۆتوبەند لەسەر داهاتی نەوتیی دانراو لە بانكی یەدەگی فیدڕاڵیی ئەمریكاوە لەلایەن ئەو بانكەوە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق نووسیویەتی: جەخت دەكەینەوە هیچ كۆتوبەندێك لەسەر چۆنێتی خەرجكردنی داهاتی نەوت نییە.