بە بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا، نزیکەی ٧٠٠ ئەندامی پەکەکە ئازاد دەکرێن، کە پێشتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی دەستگیرکرابوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٥، بە پێی یاسای تاوانەكانی توركیا، مادەی ٢٢٠ و بڕگەی ٦، سەدان ئەندامی پەكەكە، كە تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ و دەستگیركرابوون، ئەمڕۆ دادگای دەستووریی توركیا رەتی كردەوە ئەو مادەیان بەسەردا جێبەجێ بکات و بە بڕیارێك ئازادبوونی ٧٠٠ كەسی راگەیاند، چونكە دوای لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانیان، دەركەوتووە کە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریان ئەنجامنەداوە.
هەروەها میدیا تورکییەکانیش بڵاویان کردەوە، لە ماوەی ٧٢ كاتژمێردا ٢٠٠ ئەندامی پەكەكە ئازاد دەکرێن و ئەوانی تریش لە چەند رۆژی داهاتوودا بەدوای یەكدا ئازاد دەبن.
جێی ئاماژەپێدانە، ئەو ٧٠٠ کەسە لە ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٦ـەوە دەستگیركراون و هەمووشیان سزای زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی دۆسییەكەیان بردووەتە دادگای دەستووریی توركیا، دادگا لە ٢٠٢٤ لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیارەكەی داوە.
