ئەمرۆ ساڵڕۆژی وەستانی جەنگی ئێران و عێراقە، كە ئێران بە شۆڕشی بەرگری پیرۆز و عێراقیش بە شەڕی قادسییەی سەدام ناوی دەبرد، جەنگەکە بە گەورەترین جەنگی میژوویی ناودەبرێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە هەشت ساڵی خایاند.
ئەمڕۆ ٨ـی ئابی ٢٠٢٥، ٣٧ـەمین ساڵڕۆژی جەنگی ئێران و عێراقە؛ سەرەتاى ئەو جەنگە خوێناوییە لە چەند کێشەیەکى بچوکەوە سەریهەڵدا، لە دەستپێکدا ئەو شەڕە لە راگەیاندنەوە لەدژى یەکتر دەستیپێکرد بەجۆرێک ئێران عێراقى بە کوشتنى پیاوە ئاینیەکانى شیعە و سەرکردەکانى ئەو مەزهەبە تۆمەتبار دەکرد، لەبەرامبەریشدا عێراق ئێرانى بە جوڵاندنى شیعەکانى عێراق لەدژى دەسەڵاتى وڵاتەکەى تۆمەتبار دەکرد.
دەستپێکردنی جەنگەکە و زیانەکان بەمجۆرە بوو:
سەدام حسێن لە رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بڕیاری جەنگی لە دژی ئێران دا و سەرەتای جەنگەکە بە هێرشی ئاسمانی هێزەکانی عێراق بۆ سەر ١٠ فڕۆکەخانەی مەدەنی و سەربازی ئێران و هێرشی زەمینی دەسیپێکرد.
دواتر هێزەکانی رژێمی پێشووی سەدام حسێن هێرشیان کردە سەر چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران و توانییان چەند شارێکی گەورەی ئێران بگرن.
نزیکەی ١.١ ملیۆن کەس لە جەنگی ئێران و عێراقدا کوژران، ٣٤٠ هەزار سەربازی عێراقی و نزیکەی ٧٣٠ هەزار سەربازی ئێرانیش کوژران، هەروەها زیانە ماددیەکانیش بە چوار سەد ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەخەملێنرێت.
بوونی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشتی ئێران بۆ شەرێکی لەو شێوەیە وەک پێشهاتێکی گرنگی جیهانی لێکدەدرایەوە چونکە بە درێژایی مێژوو ئێران و ئەو دوو دەوڵەتە لە کێشەو ململانێی تونددا بوون و وەک دوژمن مامەڵەیان کردووە.
لە ٨ی ئابی ١٩٨٨دا عێراق لە بەیانامەیەکدا کە بە بەیاننامەی بەیانامەکان ( بیان البیانات ) ناودەبرێت ئەوکات لە لایەن بێژەری عی٘راقی مقداد مراد، خوی٘ندرایەوە تێیدا بەفەرمی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە راگەیەندرا.
کورد زیانی بەرکەوت لە جەنگەکەدا؟
لە ھەردوو بەشی باشور و رۆژھەڵاتی كوردستان، زیانێکی زۆر لە گەلی کورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنورییەكانی كوردستان روویاندا، ھەزاران گوند خاپوورکران و گیانلەدەستدانی ھەزاران سەربازی کوردی لێکەوتەوە كە لەریزەكانی هەردوو سوپای عێراق و ئێراندا بوون، هاوکات، لە شەڕی ئێران عێراقدا خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و چەندین تووداوی گەورەی کۆمەڵکوژی، کیمیابارانی ھەڵەبجەش نموونەیەکی زیندووە.
هەروەها، لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، سنوورەکانی هەڵەبجە و خورماڵ و دەوروبەری بەر هێرشی فڕۆكەكانی عێراق كەوتن و بووە هۆی شەهیدبوونی نزیكەی پێنج هەزار هاوڵاتی و بریندار بوونی سەدان كەسی دیكە.
کۆتایهاتنی جەنگەکەش بەم جۆرە بوو:
هەردوو وڵات رازیبوون بە راگرتنی شەڕ، ئەوەش بەپێی بڕیارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو کە ئەوانیش بریتیبوون لە:
١-راگرتنی تەقەکردن
٢-کشانەوەی هێزەکان بۆ سەر سنوور
٣-گۆڕینەوەی دیلکراوەکان
٤-ئەنجامدانی پەیماننامەی ئاشتی
٥-دووبارە بونیادنانەوەی وڵات بەهاوکاری نێودەوڵەتی