خوێندراوەتەوە: (1.4K)

نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق هۆشداری دا لە هەڵوەشانەوە و ئاڵۆزی و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی عێراق ئەگەر بێت و هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو بڕیاری هەڵە بدەن. مارك ساڤایا ڕایگەیاند: عێراق دوای 23 ساڵ لە ڕووخانی دیكتاتۆری، لەبەردەم یەكێك لە هەستیارترین ساتەكانی مێژووی نوێیدا وەستاوە. ڕایشیگەیاند: مانەوەی گرووپە چەكدارەكان لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت، هەڕەشە لە پێگەی عێراق دەكات و تواناكانی بۆ هەستانەوە لاواز دەكات. وتیشی: عێراق دەرفەتێكی مێژوویی بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی بونیاد بنێتەوە و داهاتوویەكی گەشاوە بۆ خۆی دیاری بكات، بەڵام هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت لە سایەی بوونی “لایەنی چەكدار كە ركابەریی دەوڵەت دەكەن و دەسەڵاتی سنووردار دەكەن”، پێش بكەوێت. ئاماژەی بەوەش كرد “ئەم ڕاستییە پێگەی نێودەوڵەتیی عێراقی لاواز كردووە، ئابوورییەكەی خنكاندووە و توانای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كەم كردووەتەوە”. نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ڕایشیگەیاند: ئەو بڕیارانەی سەركردە سیاسی و ئاینییەكان لە قۆناغی داهاتوودا دەیدەن، دیاری دەكەن كە ئایا عێراق بەرەو سەروەریی و هێز هەنگاو دەنێت، یان بۆ ڕێڕەوی هەڵوەشانەوە و ئاڵۆزی دەگەڕێتەوە. ناوبراو دووپاتیشی كردەوە: لە ماوەی هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان كار بۆ چەسپاندنی دەوڵەتێكی بەهێز، داهاتوویەكی سەقامگیر و عێراقێكی خاوەن سەروەری دەكەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 268 Today: 831 📊 Click Here