خوێندراوەتەوە: (547)

داواكاری گشتی ئەمریكا شوێنی دادگایی و تۆمەتەكانی سەرۆكی ڤەنزوێلا ئاشكرا دەكات و داواكاری گشتیی ڤەنزوێلایش داوای بەڵگەی زیندووێتی و ئازادكردنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی دەكات. لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (پامیلا بۆندی) داواكاری گشتیی ئەمریكا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا كراون ئاشكرا دەكات و ڕایگەیاندووە: نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا تۆمەتبارە بە پلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تیرۆری پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها فەرمانی بۆ هاوردەكردنی كۆكاین و كۆگاكردنی ڕەشاش و ئامێری وێرانكەر دژی ئەمریكا دەركردووە. داواكاری گشتیی ئەمریكا ئەوەیشی ئاشكرا كردووە “نیكۆلاس مادۆرۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوسەری بەهۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراون لە خاكی ئەمریكا و لەلایەن دادوەری ئەمریكی لە دادگای تاوانی ناوچەی باشوور لە ویلایەتی نیویۆرك دادگایی دەكرێن”. داواكاری گشتیی ئەمریكا جەختیشی لەوە كردەوە كە مادۆرۆ و هاوسەرەكەی لە نزیكترین كاتدا ڕەوانەی دادگا دەكرێن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن. ئەو سوپاسی سەرۆكی ئەمریكایشی كرد بۆ سەركەوتنی لە ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی مادۆرۆر و هاوسەری كە ئەو بە دوو بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر ناوی بردوون. لە بەرانبەردا (تارق ویلیام سەعب) داواكاری گشتیی ڤەنزوێلا لە وتەیەكی تەلەفزیۆنیدا سەركۆنەی هێرشی ئەمریكای بۆ سەر وڵاتەكەی كرد و بە “تیرۆرستی” و “تاوانكاری” ناوی برد و ڕایگەیاند: خەڵكی بێتاوانی تێدا بەئامانج گیراوە و كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە. هاوكات داوای بەڵگەی بەپەلەی زیندوومانەوەی نیكۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەكەی لە ئەمریكا كرد و ئاماژەی بەوە كرد هۆشدارییەكانی مادۆرۆ سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئەمریكا گۆڕاوە بۆ ڕاستییەكی خوێناوی. داواكاری گشتیی ڤەنزوێلا داوای لە هاووڵاتیان و نوێنەرە گشتییەكان كرد لە سەرتاسەری وڵاتدا ئاستی ئامادەكارییەكانیان بەرز بكەنەوە. داواكاری گشتیی ڤەنزوێلا بانگەوازێكی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بە مافی مرۆڤەوە كرد كە هەڵوێستی ڕوون بۆ ئازادكردنی سەرۆكی وڵاتەكەی و هاوسەرەكەی بنوێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 134 📊 Click Here