ئەحمەد قارەمان
لە وڵاتێکدا کە حکومەتی فیدراڵی بودجەی ٣.٩ تریلیۆن دینار نزیکەی ٣.٤ ملیار دۆلار تەنها بۆ مووچەی هێزی حەشدی شەعبی لە ٢٠٢٤دا تەرخان کردووە، لە هەمان کاتدا مووچەی فەرمانبەری کوردستان ئەو مامۆستا، پەرستار، و فەرمانبەرانەى دەستووری وڵات پشتیوانیان کردووە مانگ بە مانگ دوادەکەوێت، تاکو ئاستی ئەوەی گەیشتووە کە خێزانەکان قەرزدارن، مامۆستا نەچووەتە پۆل، و پەرستار بڕیاریداوە نەچێتە نەخۆشخانە. ئەمە ناعەدالەتى بچووک نییە ئەمە پەیامێکی ڕوونە لە سیستەمەکەوە: “ئەوانەی چەکیان هەیە مافی مووچەیان مسۆگەر هەیە، ئەوانەی خزکەت دەکەن لە چاوەڕوانیدان!” حەشدی شەعبی لە ٢٠١٤وە لە ٦٠ هەزار ئەندام گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٣٨ هەزار ئەندام، و بودجەکەشی رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت لە هەمان کاتدا کوردستان ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆى گەیاندووەتە بەغدا و هێشتا چاوەڕوانی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی ٢٠٢٥
ئایا کێ دوای ئەم گەندەڵیەەى ناوەند باسی “ڕێككەوتنی بودجە” و “هاوپەیمانیی فیدراڵی” دەکات؟ ئایا هیچ کات کەسێک بە خەیاڵیدا دەهات بڵێ با بە دیپلۆماسی و کۆنفرانس مووچەکەمان وەربگرین، لە کاتێکدا بەغدا ئەو هێزانەی لەسەر لیستی تیرۆریستی ئەمریکان مووچەیان بەبەردەوامى و بە ئیمتیازاتەوە دەدات، بەڵام مامۆستای کوردستانی تا ٥ مانگ بێ مووچە دەمێنێتەوە؟ ئەم خۆشخەیاڵیە دەبێت کۆتایی پێ بێت! بەغداد دژى سەرکەوتن و مووچەی کوردستان تاکو ئەوکاتەى فشاری ڕاستەقینە و یەکگرتووی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن بیکاتە ناچار!
بەڵام ئەوەی دڵ دەشکێنێت لە هەر دوو لایەی کێشەکەیە: هەر دوو حزبی سەرەکی کوردستان پارتی و یەکێتی کە لە هەر هەڵبژاردنێکدا بەڵێنی “چارەسەری مووچە” و “پاراستنی مافی فەرمانبەر” دەدەن، خۆیان بەشێکی گەورەی کێشەکەن. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠٢٤دا بەڵێنی چارەسەریان دا دواتر زیاتر لە ٤١ هەزار کارمەندی هەڵبژاردن خۆیان دوای ٧٠ ڕۆژ مووچەیان وەرگرت. لە هەڵبژاردنی فیدراڵیی ٢٠٢١ و ٢٠٢٤دا، هەمان بەڵێن، هەمان وێنەکان لەگەڵ فەرمانبەران گیرا بەڵام ئەنجامەکە هەمیشە هەمانەیە: فەرمانبەر بێ مووچە، حزبەکان زۆرترین کورسی!
دەبێت خەڵکی کوردستان لەوە تێبگات ٣٥ ساڵە پارتی و یەکێتی دەستیان خستووەتە ناو خوێن و گۆشتی ئەم میللەتەوە! هەر هەڵبژاردنێک هەمان بەڵێنەکانن، هەمان وێنەکانن، هەمان ووتە بەڵام مێژووی دە ساڵی ڕابردوو نیشان داوە کە فەرمانبەران لە هەندێ ساڵدا تەنها ٩ یان ١٠ مووچەیان وەرگرتووە لەجیاتی ١٢. چیتر نابێت خەڵک بەبەڵێنی ئەم دوو حزبە باوەر بکات چونکە لە بەغدا هاوپەیمانن و ناتوانن بە توندی ڕووبەڕووی یەک ببنەوە، و لە کوردستانیشدا ئەم قەیرانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیانی بەکاردەهێنن. ماف نادرێت بەڵکوو دەسەنرێت، و تاکو کاتێک خەڵکی کوردستان ئەم ڕاستییە بەتەواوی لەبەرچاو نەگرێت، هەر هەڵبژاردنێک تەنها گۆڕینی ناوی هەمان بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانە نەک گۆڕینی ژیانی فەرمانبەرێکی قەرزدار کە هێشتا چاوەڕوانی مووچەی ئازاری ٢٠٢٥یەتی!
