خوێندراوەتەوە: (1.5K)

دوای سێ كاتژمێر لە گفتوگۆی چڕ، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لە جنێڤ بە شێوەیەكی كاتی ڕاگیران، بەڵام لایەنەكان باس لە «كەشێكی ئەرێنی» دەكەن.

بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان كە وڵاتەكەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، لە تۆڕی (ئێكس) نووسیویەتی: «ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئەرێنیمان هەبوو»، ئاماژەی بەوەش دا كە دانیشتنەكان بۆ ڕاوێژكردن ڕاگیراون، شاندەكان پشوو دەدەن و بڕیارە ئەمشەو دەست پێ بكەنەوە.

میدیا فەرمییەكانی ئێرانیش پشتڕاستیان كردەوە كە گەڕی سێیەم كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو تەنیا پشوویەكە بۆ ئەنجامدانی ڕاوێژی ناوخۆیی و دواتر درێژە بە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان دەدرێت.

بەرپرسانی ئەمریكی ئاشكرایان كردووە كە دۆسیەی «مووشەكە بالیستییەكان» و ڕۆڵی هەرێمیی ئێران لەم گەڕەی دانوستاندا باس ناكرێن و تەنیا سەرنجیان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمییە.

ئەمەش نیگەرانیی توندی «ماركۆ ڕۆبیۆ»، وەزیری دەرەوەی ئەمریكای لێكەوتووەتەوە و بە «كێشەیەكی گەورە» ناوی بردووە. ئەو دەڵێت: بەبێ چارەسەركردنی پرسی مووشەكەكان، هەڕەشەكان وەك خۆیان دەمێننەوە.

دابەشبوونی بۆچوونەكان لەناو ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە جیاكردنەوەی دۆسیەكان، ڕەنگە كاریگەریی لەسەر ئەنجامی كۆتایی ڕێككەوتنەكە هەبێت. پێشبینیش دەكرێت ئەمشەو شەوێكی یەكلاكەرەوە بێت و دانوستانەكان بە ئەنجامێك كۆتاییان بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 245 Today: 933 📊 Click Here