خوێندراوەتەوە: (5)

ئاودێر محمد ئەمین خالید

لە هەرێمی کوردستاندا،سی ساڵ زیاترە دەسەڵات لە دەستی هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی وەک پارتی و یەکێتیە. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، بەردەوام بانگەشە بۆ دیموکراسی و ئازادی دەکرێت، بەڵام لە واقعدا، پرسی ئازادی میدیا و ڕادەربڕین بەردەوام لە ژێر گوشار و چاوسورکردنەوەدا بووە، چی لە ڕووی میدیایی یاخود تاکە کەسیەوە بێت. ھەروەک چەندین جار میدیاکان داخراون، وەک سوتان و داخستنی NRT لە ٢٠١٧ ھەروەھا دخستن و تەشیویشی سەر کەناڵەکانی KNN و NRT و SPEDA TV.. ھتد لە ڕابردوودا سەرباری ڕاگرتنی چاپی چەند ڕۆژنامەیەکی کوردی وەک ئاوێنە و لڤین پرێس و ژیان نیوز ..ھتد لە نوێترین پێشھاتیشدا داخستنی ئۆفیسەکانی NRT لە ھەولێر و دھۆک لە ئەمساڵدا.

ھەروەھا کوشتنی چەندین ڕۆژنامەنووس لە ڕابردوودا وەک سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ..ھتد یان دەستگیرکردن و گوشار خستنە سەر ڕۆژنامە نوسان و چالاکەوانانی سەربەخۆ و دروست کردنی کەیسی بێ بنەمای جۆراو جۆر لە دژیان وەک کەیسی شێروان شێروانی و ئومێد بەرۆشکی و مامۆستا بەدەل و دەیانی تر.

دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی یاساکانی تایبەت بە ئاسایش و خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە شێوەیەک بەکار ئەھێنن کە زۆرجار لە دژی دەنگی ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانان بەکار دەھێنن. ئەم هەنگاوانە پرسیارێکی گەورە دروست دەکات.
ئەگەر دەسەڵات دڵنیایە لە پشتگیریی خەڵک، بۆچی لە دەنگی جیاواز دەترسێت؟

ھەر بۆیە ئازادی میدیا هێڵی سووری هەر سیستەمێکی دیموکراسییە. ئەگەر ئەم هێڵە بەردەوام ببڕدرێت، ئەوا قسەکردن لەسەر دیموکراسی تەنها دەبێتە وشەیەکی بەتاڵ وەک ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە. گەشەی ڕاستەقینە تەنها لەو کاتەدا دەبێت کە دەنگی ڕەخنەگر نەک تەنها قبوڵ بکرێت، بەڵکوو پارێزگاریشی لێ بکرێت. بۆیە لە ڕووی یاساییەوە، پێویستە یاساکان پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن، نەک ئەوەی ببن بە ئامرازێک بۆ ترساندن و سانسۆر کردنی میدیاکار و ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانان . نەک کاتێک ڕۆژنامەنووس بڵاوکراوەی ھەبێت پێش بڵاوکردنەوەی ڕاستی دووجار بیر بکاتەوە لە ترسی لێپرسینەوە و گرتن یان کوشتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 277 Today: 1,915 📊 Click Here