لە عێراق بەهۆی بۆردومانكردنی حەشدی شەعبییەوە داوای پێداچوونەوە بە ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا دەكرێت. فەوزی ئەكرەم تەرزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بۆردومانكردنی حەشدی شەعبی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و پارێزگاكانی بابل و ئەنبار و دیالە و كەربەلا و سەماوە و نەینەوای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك قوربانی و برینداری لێ كەوتووەتەوە. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایشیگەیاند: ئەو هێرشانەی كرایە سەر بارەگاكانی حەشد نیشانەی پرسیاری دروستكردووە و هێرشەكان لە شوێنی ستراتیژدا بووە كە بۆ پاراستنی ئاسایش و ڕاوەدونانی تیرۆریستان بەكار دەهێنرێت، حەشدی شەعبی هێزێكی فەرمییە و سەر بە دامەزراوەكانی دەوڵەتە و بەئامانجگرتنی واتای پێشێلكردنی سەروەریی نیشتمانی. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: پێویستە لە بەرەنجامی ئەو پێشێلكارییانەی ئەمدواییە و بۆردومانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە عێراق ژمارەیەك قوربانی لێ كەوتووەتەوە لایەنی پەیوەنددار لە بەغداد چاو بە ڕێككەوتنی ئەمنی واژۆكراو لەگەڵ ئەمریكا بخشێنێتەوە.
