دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیاری دا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە، کە هەموو گەشتە هاتوو و چوو و تێپەڕبووەکان دەگرێتەوە. فڕۆکەوانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت. بڕیارەکە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزیی کاتیی بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان دراوە و ئەمە دووەم جارەیشە کە درێژ دەکرێتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە دراوە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دامەزراوەکانی فڕۆکەوانی بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی پیشهاتەکان و بڕیارەکە بەپێی هەر گۆڕانکارییەکی نوێ دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەرەنتی کردنی پاراستنی مەودای ئاسمانی وڵات لە هەر مەترسییەک.
