خوێندراوەتەوە: (265)

سەرۆكی ئەمریكا پێگەیشتنی پێشنیازەكەی ئێرانی ڕاگەیاند و وتی: لە نێوان واژووكردنی ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران، یان وەشاندنی گورزێكی سەربازیی بەهێز بۆ سەر ئەو وڵاتەدا دوودڵە. لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی “ئەكسیۆس”ی وڵاتەكەی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد “50% لەگەڵ ڕێككەوتنە و 50%یش لەگەڵ هێرشكردنە سەر ئێراندایە”. ترەمپ هۆشدارییەكی توندی دا و وتی: “یان واژووی ڕێككەوتن دەكەین، یان بە توندی لێیان دەدەین”. ئاماژەی بەوەش كرد “تەنیا ئەو ڕێككەوتنە قبوڵ دەكات كە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی كۆگاكانی ئێران چارەسەر بكات و ڕێگریی تەواو لە دەستڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی لە ئێران بگرێت”. سەرۆكی ئەمریكا بەدەستگەیشتنی پێشنیازە نوێیەكەی ئێرانی بۆ ڕێككەوتن ئاشكرا كرد و وتیشی: ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ڕاوێژكارە باڵاكان دەربارەی دوا ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكە ئەنجام دەدەین، ڕەنگە سبەی بڕیاری كۆتایی بدرێت و ئێستا تاوتوێی میكانیزمێك دەكەین بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و ئازادكردنی بەشێك لە داراییە بلۆككراوەكانی ئێران لە بەرامبەر جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەمریكادا. وتیشی: ناتوانێت میدیاكان لە ئەنجامەكە ئاگادار بكاتەوە بەر لەوەی بە ئێرانییەكان بڵێت، ئەوەشی پشت ڕاستی كردەوە كە هەندێك لەگەڵ ڕێككەوتنن و هەندێكیش لەگەڵ دەستپێكردنەوەی جەنگدان. هاوكات كەناڵی “سی بی ئێس” لەسەر زاری ترەمپ بڵاوی كردەوە “كە هەر دوو لا زۆر لە ئەنجامدانی ڕێككەوتن نزیك بوونەتەوە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 144 Today: 1,662 📊 Click Here