خوێندراوەتەوە: (1.6K)

وەزارەتی دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ھەڵوەشاندنی دەسەڵاتی بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی لەلایەن ئەمریکا دژبە عێراق. وەزارەتەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: “خۆشحاڵین بە دەنگدانە مێژووییەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارھێنانی ھێزی سەربازی دژبە عێراق بۆ ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پڕۆژەیاساکە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپەوە پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە”. ڕاشیگەیاندووە: “تەواوکردنی قۆناغەکانی ھەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارھێنانی ھێزی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە دژبە عێراق، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەسەریاندا تێپەڕیووە، ھەروەھا ئەم ھەڵوەشاندنەوەیە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی جەوھەری لە گۆڕینی سروشتی یاسایی پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات”. باسی لەوەش کردووە: “ھەڵوەشاندنەوەکە، دەبێتە مایەی بناغەیەک بۆ شێوازێکی نوێی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و کۆتاییھێنان بە میراتی جەنگ دەبێت، جگە لەوەش چوارچێوەی ھاوبەشی ستراتیژیی نێوان ھەردوو وڵات بەھێزتر دەکات، بەجۆرێک ێک دەبێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوەی عێراق بووەتە ژینگەیەکی ئارام و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرھێنان”. ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی عێراق بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەجۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ھاوبەشییەکی درێژخایەن، کە خزمەت بە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بکات و پاڵپشتیش لە سەقامگیری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات”. دوو دەسەڵاتەکەی ئەمریکا بۆ بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی دژبە عێراق بۆ ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢ دەگەڕێنەوە کاتێک لە ساڵی ١٩٩١ لەسەروبەندی جەنگی کەنداو، دەسەڵات درایە سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا لەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەستدار بە دەرکردنی ھێزەکانی عێراق لە کوێت، جێبەجێ بکات. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٢ بەر لە دەستپێکردنی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، دەسەڵات درایە ئیدارەی ئەو کاتی ئەمریکا کە ھێرشی بکاتە سەر عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی بانگەشەی ئەو کرا کە بەغدا چەکی کۆکوژی ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 3,346 📊 Click Here