خوێندراوەتەوە: (4.0K)

_

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025 لە دادگای سلێمانی، دووەمین دانیشتی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەبچێت. پێشتریش جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی رایگەیاندووە، “”ناتوانین بڵێین دۆسیەکە 28ـی مانگ یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەندێک رێوشوێنی یاسایی هەن، کە پێویستیان بە چەند دانیشتنێکی دادگا دەبێت.”

ئەمرۆ چوارشەممە  15 ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. 

رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو کە تێیدا بڕیاربوو دادگا بڕیار لەسەر کەیسی شاسوار عەبدولواحید بدات، بەڵام دانیشتنەکە بۆ سبەی دواخرا.

شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە لایەن هێزێکی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکرا و سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیس رایگەیاند، “لەسەر چەند سکاڵایەک ناوبراو دەستگیرکراوە”.

ئەو ماددە یاساییەی شاسوار عەبدولواحیدی پێ سزادراوە ماددەی 431ـە لە یاسای سزادانی عێراقی و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە بڕیاری دادگادا، سێ ئەگەر هەیە لەبەردەم سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێدا. یەکەم ئەگەر ئەوەیە، شاسوار عەبدولواحید سزای بەندکردنی بۆ ماوەی شەش مانگ بەسەردا بسەپێندرێت.

ئەگەر دووەم، ئازادکردنی بە کەفالەت. سێیەم ئەگەریش دواخستنی دادگایی کردنەکەیەتی بۆ جارێکی دیکە. 

هەروەک چۆن دانیشتنی رابردوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو، بۆ سبەینێش پەرلەمانتاران و کەسوکاری شاسوار عەبدولواحید داوا لە خەڵک دەکەن بۆ پشتیگری سەرۆکی جوڵانەوەکە لە دادگای سلێمانی ئامادەبن.

پێشتر حاکم سەڵاح حەسەن، جێگری سەرۆکی دادگای سلێمانی رایگەیاند، ”ئەوەی پێویست بوو لە دانیشتنی یەکەم کرا و دادبینیییەکەش بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی پێویست بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە دواخراوە”.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ”ناتوانین بڵێین دۆسیەکە 28ـی مانگ یەکلایی دەبێتەوە، چونکە هەندێک رێوشوێنی یاسایی هەن، کە پێویستیان بە چەند دانیشتنێکی دادگا دەبێت.”
 
سەبارەت بە ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت، حاکم سەڵاح وتی: ”ئەمە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی دادوەردایە لەکاتی دادگاییکردنیدا، ئەگەر 28ـی مانگیش دادوەر بڕیاری بە کەفالەت ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بدات، ناتوانێت بچێتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دۆسیەکانی دیکەی یەکلایی بکرێنەوە، پاشان ئازاد بکرێت، واتا تۆمەتبار هەر فەرمانێکی دەستگیرکردنی هەبێت، دەبێ یەکلایی بکرێنەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 37 Today: 120 📊 Click Here