پهیام سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئاشکرای دەکات کە بەهۆی وەستانی تەواوەتی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، پێدانی کارەبا گەیشتووەتە ئاستی سفر و لە یەکەم ڕۆژی جەژندا دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دەبێتە مەحاڵ. سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە () ی ڕاگەیاند، کە بەهۆی وەستانی تەواوەتی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لۆدێکی زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا دروستبووە و پێدانی وزە بە هاووڵاتییان لە ئاستی سفر نزیک بووەتەوە. بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ ، بەهۆی زۆریی خواست و پێویستیی بەردەوام، فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر بەنداوەکانیش، ئەمەش وایکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی کارەبا، بڕێکی زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەربدرێتەوە. ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە، دابەشکردنی کارەبا زۆر قورس بووە، بۆیە لە ئێستادا تەنها شوێنە زۆر پێویستەکان وەک نەخۆشخانەکان و دامودەزگا فەرمییەکان کارەبایان بۆ دابین دەکرێت. سەبارەت بە سبەی هەینی کە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە، سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم پشت بە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەبەستێت؛ بەو پێیەی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیەدا بە تەواوی وەستاوە، دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان لە ڕۆژی جەژندا بە مەحاڵ دادەنرێت و ناتوانن بەپێی پێویستیی خەڵک وزە دابین بکەن.
