دوای تێپەڕبوونی مانگ و نیوێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تائێستا گرێكوێرەی هەڵبژاردنی كاندید بۆ سێ سەرۆكایەتەكەی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار نەكراوەتەوە و لایەنەكان نەیان توانیوە بگەنە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندید بۆ سێ سەرۆكایەتیەكە، چاودێرانیش دەڵێن ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكان قووڵتر بووەتەوە و قورسە هێزە سووننەكان بەخێرایی ڕێكبكەون بەهۆی فرەلایەنی و بەرژەوەندییەكانیانەوە. پێكهاتەكانی عێراق و هێز و لایەنە سیاسیەكان نەیانتوانیوە تائێستا بگەنە ڕێكەوتن لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، لەكاتێكدا بڕیارە چەند ڕۆژی داهاتوو یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوەبچێت و دەبێت لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، سوننەكان لە دواین كۆبۆونەوەیاندا ڕێكنەكەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان بۆئەوەی ناوەكەی پێشكەش بكەن.
