سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە تەلئەبیب و پێش گەیشتنی بەو وڵاتەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ڕێكەوتنی ئاگربەستی كەرتی غەززە هەمیشەیی دەبێت. كاتژمێر 9 و 45 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە تەلئەبیب و لەلایەن سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی قەوارەی داگیركەری زایۆنییەوە پێشوازی لێكرا، بڕیاریشە دواتر سەردانی میسر بكات و ڕێكەوتنی ئاگربەست واژوو بكات. پێش گەشتكردنی بۆ تەلئەبیب، دوناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی ڕێكەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و ڕایگەیاند، جەنگ كۆتایی هات، ئەوە باشە، ئایە ئێوە تێدەگەن؟ تڕەمپ وتیشی، من دەچمە تەلئەبیب و دواتر سەردانی میسر ئەكەم و، ئەنجوومەنی ئاشتی لە پێناوی كەرتی غەززە پێكدەهێنم. بەپێی بەرنامەی كارەكە، تڕەمپ لەگەڵ نەتەنیاهوو كۆدەبێتەوە، دواتر لەگەڵ كەسوكاری دیلەكان كۆدەبێتەوە و هەروەها لە كنێستی قەوارەی داگیركەری زایۆنیش وتارێكی دەبێت. بەپێی ئەوەی كۆشكی سپی بڵاوی كردوەتەوە، تڕەمپ تەنها سەردانی تەلئەبیب و میسر دەكات و ناچێتە هیچ وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە.
