سەرۆكی ئەمریكا وردەكاری دەستگیر كردنی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكە ڤەنزوێلای ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند: ئەو ویستوویەتی گفتوگۆ بكەین، بەڵام من ڕەتم كردووەتەوە، پڕۆسەی دەستگیركردنەكەشی وەك بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی بوو بۆ من. دۆناڵ تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز ڕایگەیاند: لەم كۆتاییانەدا مادۆرۆ هەوڵی گفتوگۆی دا، بەڵام من ڕەتم كردەوە، وتیشی: هەفتەیەك لەمەوبەر بە تایبەتی قسەم لەگەڵ مادۆرۆ كرد و پێم وت، دەبێت خۆی ڕادەست بكات و واز لە دەسەڵات بهێنێت. تڕەمپ وتیشی: ڕاستەوخۆ پڕۆسەی دەستگیركردنی مادۆرۆم بینی و وەك بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی وا بوو. زانیاری ئەوەیشی دا كە لە پڕۆسەكەدا ژمارەیەكی كەم بریندار هەبووە “بەڵام هیچ كەس لە ئێمە نەكوژرا”. بەپێی قسەی سەرۆكی ئەمریكا پلانی دەستگیركردنی مادۆرۆ چوار ڕۆژ پێشتر ئامادە بوو، بەڵام تێكچوونی كەشوهەوا نەیهێشت. وتیشی: ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەنگاوەكانی دواتری ڤەنزوێلای ئێستادا بەشدار دەبێت، چاو بەوەدا دەخشێنینەوە تاكو بزانین ماریا كورینا ماچادۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات.
