دوای دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕی جیهانیی و لە ڕێی بۆرییەوە دەستی پێكردەوە. دوای دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 27ی ئەیلول، مانگی نۆ 2025، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كێڵگەی فیشخاپوورەوە بە بڕی 190 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، دەستی پێكردەوە. بەپێی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 240 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەیە و لەو بڕەیش 190 هەزاری ڕادەستی سۆمۆ دەكات و 50 هەزاریشی بۆ پێداویستی ناوخۆیی گل دەداتەوە. هەرێمی كوردستان بەر لە بڕیارەكەی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لە ئادار، مانگی سێی 2023 توانای هەناردەكردنی 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەبوو، بەڵام دوای بڕیاری دەستەكە، پاشانیش هێرش درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكان ئەو توانایەی لەدەست دا و لە ماوەی ئەم دووساڵ و چەند مانگەدا هەرێم بەردەوام لە ڕێی تەنكەرەوە نەوتی بە قاچاغ هەناردە كردووە، لەو ماوەیەشدا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق 22 بۆ 25 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی عێراق گەیاندووە.
