سەربازێكی پێشووی ئەمریكی بەناوی “جۆزفین گێلبۆ”، كە ماوەی 17 ساڵ ئەندامی هەواڵگری سوپای ئەمریكا بووە، پڕۆژەیاسایەكی ویلایەتی ئەوهایۆ بۆ بە تاوانناساندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی قەوارەی زایۆنی ڕەت دەكاتەوە. لە ئێستاشدا، ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتی ئۆهایۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسایەك بەناوی ( ئێس بی 87) دەكات كە بە فەڕمی دان بە بەتاوانناساندنی دژایەتی قەوارەی زایۆنیدا دەنێت و هەر جۆرە ناڕەزایەتی و چالاكییەكیش دژ بەو قەوارەیە دەخاتە بەر سزای یاسایی و چوارچێوەی تاوانەوە! گێلبۆ ڕایدەگەیەنێت: مەسیحی و جوولەكە و مسوڵمان شانبەشانی یەكدی دژی ئیمپراتۆریەتی زایۆنیین و دژی كۆمەڵكوژییەكانی كەرتی غەززەن، ناشبێت هەرگیز زایۆنی و جوولەكە بخرێنە یەك تای تەرازووەوە. وتیشی: دەوڵەتی ئێستای ئیسڕائیل “قەوارەیەكی سیاسی”یە و لە سەدەی بیستەمدا دامەزراوە، كاروباری دەقە ئاینییە پیرۆزەكانیشی لەدەستدا نییە. “جۆزفین گێلبۆ” ڕایشیگەیاند: بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە، دەكرێت هەر كەسێك تاوانبار بكرێت، لەنێویشیاندا ئەو جوولەكانەی دژایەتی كردەوەكانی زایۆنی و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دەكەن. هەروەها وتی: ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت، ئەوا ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ئایینی لە ئەمریكا دەكەونە مەترسییەوە، وتیشی: هیچ یاسایەك نییە بتوانێت موسڵمانان بێدەنگ بكات، هیچ یاسایەكیش نییە بتوانێت وشەی “پەروەردگار” لە دڵماندا بسڕێتەوە.
