خوێندراوەتەوە: (1.4K)

بزوتنەوەی حەماس ئاشكرایكرد، شاندێكیان سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆمەڵێك دۆسیەیان تاوتوێ كردووە. بزووتنەوەی حەماس لەڕاگەیەندراوێكدا ڕاشیگەیاندووە، شاندەكەیان بە سەرۆكایەتی ئوسامە حەمدان و ئەندامێتی تاهیر نوونو، زنجیرەیەك دیداریان لەگەڵ قەوارە و كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق لە بەغداد ئەنجامداوە، لەو كۆبوونەوانەدا بە وردی باس لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست و دوایین پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكان لە ئاستی ناوچەكە و جیهاندا كراوە. شاندەكە ئاماژەیان بە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەكانیان لەگەڵ هەموو پێكهاتە سیاسی و حزبییەكانی عێراق كرد و ستایشی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان كرد بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین. ئەوەشخراوەتەڕوو كە شاندەكە وێنەیەكی ڕوونیان لەسەر دۆخی سەختی مرۆیی لە كەرتی غەززە و ئەو تاوانانەی لە كەناری ڕۆژئاوا و قودس ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ بارودۆخی دیلەكان خستە ڕوو، حەماس جەختی لە پێویستی یەكخستنی هەوڵەكان كردەوە بۆ كۆتاییهێنان بە دەستدرێژییە بەردەوامەكان و پشتیوانیكردنی خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین تا ئەو كاتەی دەگەن بە مافە تەواوەكانیان و دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین بە پایتەختیی قودس دادەمەزرێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 129 Today: 390 📊 Click Here