خوێندراوەتەوە: (20)

واشنتۆن هێرشێکی ئابوریی توندى بۆسەر ئێران دهستپێكردو هەڕەشەی ئەوەش دەکات هەرکەسێک بازرگانی لەگەڵ تاران بکات، لەسیستەمی دۆلار دایببڕێت، عێراقیش کە پەیوەندییەکی دەگمەنی لەگەڵ هەردولایەندا هەیە، لەڕیزی یەکەمی مەترسییەکاندایە.

ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەدەکات، ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لەبازرگانیکردن لەگەڵ ئێران، لەسیستەمی دارایی جیهانی (کە لەسەر بنەمای دۆلارە) بێبەشیان بکات، پێدەچێت عێراقیش ببێتە نمونەیەک بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشەیە.

پێشتر واشنتۆن سزای بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقیدا سەپاندبوو کە تۆمەتبارن بەمامەڵەکردن لەگەڵ تاران، بەڵام تائێستا خۆی لەگرتنەبەری ئەو ڕێکارانە پاراستوە کە دەبنە هۆی داڕمانی ئابوریی عێراق وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی بۆ هەردوو وڵات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریداوە، هەر وڵاتێک پاڵپشتیی ئابوریی گرنگ پێشکەش بەئێران بکات، ڕوبەڕوی لێکەوتەی توند دەبێتەوە، ئەمەش ڕەنگە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران لەساڵانی دواییدا بخاتە ناو نیشانەی هێرشەکان، کە بریتین لە(چین، ئیمارات، تورکیا، هیندستان، پاکستانو عومان).

سکۆت بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمریکا دوشەممەى ڕابردوو دەستپێکردنی “هێرشێکی ئابوریی” توندى بۆسەر تاران لەڕێگەی سزاکانەوە ڕاگەیاندو وتی، “هاوبەشە بازرگانییەکانی تاران دەکرێنە ئامانج”، بەبێئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت.

ئەمریکا لەدوای داگیرکردنی عێراق لەساڵی 2003وە، کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی بەسەر داهاتی نەوتی عێراقدا هەیە (کە بەدۆلارە)، ئەمەش بەپلەی یەکەم لەڕێگەی بانکی یەدەگی فیدراڵی لەنیویۆرکەوە دەکرێت کە هەژمونێکی بێوێنەی بەواشنتۆن داوە بەسەر کاروباری بەغدادا، عێراق هاوپەیمانێکی دەگمەنی هەردوو وڵاتی ئەمریکاو ئێرانەو خاوەنی یەدەگێکی داراییە کە زیاتر لە 100 ملیار دۆلارەو لەئەمریکا پارێزراوە، بۆیە بەشێوەیەکی زۆر پشت بەڕەزامەندیی واشنتۆن دەبەستێت بۆ گەرەنتی بەردەوامبونی داهاتی نەوتو پارەکانی.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکۆتایی 2024دا، تۆڕێکی قاچاخی نەوتی ڕەشی ئاشکراکرد کە ساڵانە لانیکەم یەک ملیار دۆلاری بۆ ئێرانو بریکارەکانی لەعێراق دابیندەکرد، ڕەنگە وڵاتانی دیکەی دراوسێی ئێرانیش کە بەشدارن لەپلانە هاوشێوەکاندا، ڕوبەڕوی چاودێرییەکی توندی ئەمریکا ببنەوە.

هەرچەندە ئەمریکا هەژمونێکی زۆر بەهێزی بەسەر عێراقدا هەیە بەراورد بەهاوبەشە بازرگانییەکانی دیکەی ئێران، بەڵام پێگەی دۆلار وەک کۆڵەکەی بازرگانیی جیهانی، وایکردوە مەودای هەژمونی واشنتۆن زۆر فراوان بێت.

ڕۆیتەرز لەمانگی نیساندا بڵاویکردەوە، ئەمریکا ناردنی بارێکی نەقدی پارەی بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق ڕاگرتوەو بەشێک لەهاوکارییە ئەمنییەکانی هەڵپەساردوە بۆ فشارخستنەسەر بەغدا سەبارەت بەگروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران، هەروەها لەمانگی کانونی دوەمدا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکرد، واشنتۆن هەڕەشەی لەسیاسییە باڵاکانی عێراق کردوە بەسەپاندنی سزا، لەوانەش سزادانی داهاتی نەوت، ئەگەر ئەو گروپانە بچنە ناو حکومەتی داهاتوەوە.

ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا لەساڵانی دواییدا هەوڵیانداوە ئەو لێشاوی دۆلارە بخکێنن لەڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەر بانکە عێراقییەکاندا، تەنها هەندێک لەبانکە گەورەکانیان لێ بەدەرکردوە، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقیش وەک کاندیدێکی قبوڵکراو لای ئیدارەی ترەمپ دەرکەوت، لەکاتێکدا واشنتۆن فشاری بەردەوامی خستەسەر بەغدا بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی تاران.

نیڵ کویلیام لێکۆڵەر لەسەنتەری چاتام هاوس دەڵێت، “فشارەکانی ئەمریکا تێچوی مامەڵە داراییەکانی لەگەڵ ئێران بەرزکردوەتەوەو مەترسییەکانی زیادکردوە، ئەمەش دامەزراوە عێراقییەکانی ناچارکردوە پابەندییەکان باشتربکەن، بەڵام ئەم فشارانە پەیوەندییە ئابورییەکانی عێراقیان لەگەڵ ئێران نەپچڕاندوە، چونکە ئەو پەیوەندییانە تەنها سیستەمی دارایی نین، بەمەش بەغدا لەنێوان پشتبەستن بەواشنتۆنو تاراندا گیریانخواردوە”.

کویلیام دەشڵێت، “وڵاتانی وەک چینو تورکیا ئابوریی گەورەتریان هەیەو توانای زیاتریان هەیە بۆ بەرگەگرتنی فشارەکان، بەڵام عێراق جێگرەوەو توانایەکی زۆر کەمتری هەیە بۆ خۆڕاگریی دارایی”.

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوەدەدەن، بازرگانیی عێراق لەگەڵ ئێران لەساڵی 2025دا 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە کە زۆربەی بەهۆی هەناردەی خۆراکو کەلوپەلی بەکاربردن بوە لەئێرانەوە بۆ بازاڕەکانی عێراق، لەساڵی 2026دا بازرگانییەکە کەمیکردوه دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران، چونکە مەترسییە ئەمنییەکان زیادیانکردو مەرزەکان پەکیانکەوتو تێچوی گواستنەوە بەرزبوەوە.

ئێران مێژویەکی درێژی هەیە لەسەیرکردنی عێراق وەک “سییەک”ی ئابورییو هەژمونێکی سەربازیی، سیاسییو ئابوریی گەورەی تێدا بەکاردەهێنێت لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانو ئەو پارتە سیاسیانەی پاڵپشتییان دەکات، هەروەها لەرێگەی هەناردەکردنەوە دراوی قورسی لەعێراق دەستکەوتوەو لەڕێگەی سیستەمی بانکیی عێراقەوە خۆی لەسزاکانی ئەمریکا دەربازکردوە، کەرتی وزە چەقی ئەم پەیوەندییەیە، عێراق ساڵانە لەنێوان چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار بەئێران دەدات لەبەرامبەر غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەرپرسانی کەرتی وزەی عێراقیش هۆشداریدەدەن کە ڕێکارە نوێیەکانی ئەمریکا ڕەنگە ئەو پارەدانانە بخاتە مەترسییەوە.

تۆم کیتینگ بەڕێوەبەری سەنتەری داراییو ئاسایش لەپەیمانگای شاهانەی بەریتانی (RUSI) دەڵێت، “عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێگەیەکی کاریگەر بوە بۆ ئێران تا خۆی لەسزاکان بدزێتەوە، لەگەڵ توندترکردنی گەمارۆکان لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران بەسیستەمی دارایی نێودەوڵەتی، خاڵە لاوازەکان زیاتر دەقۆزرێنەوە، لەمڕوەوە، عێراقو سیستەمی بانکیو کەرتی داراییەکەی دەبێت چاوەڕێی ئاستەنگی گەورەبن”.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت، “ئەگەر ئەمریکا تەنها گۆپاڵ (سزا) بەکاربهێنێت، ڕەنگە عێراق زیاتر پەنا بباتەبەر ئێران، بەڵام ئەگەر هاوکارییو هاندان بەکاربهێنێت، عێراق خۆی هاندەدرێت کە سیستەمی بانکییەکەی چاکبکاتو چیتر نەبێتە ڕێگەیەک بۆ دەربازبونی ئێران لەسزاکان”.

ئەمریکا لەلێکەوتە فراوانەکانی ئەم بڕیارانە لەسەر سیستەمی دارایی جیهانی دەترسێت، کاتێک لەسکۆت بێسێنت پرسرا بۆچی ڕاستەوخۆ سزای ئێران نادات یان ناوی ئەو وڵاتانە ناهێنێت کە دەکرێنە ئامانج، لەوەڵامدا وتی، “چی پاڵم پێوەدەنێت بۆ ئەوەی سیستەمی دارایی جیهان بتەقێنمەوە؟”.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 211 Today: 1,405 📊 Click Here