وەزیری دارایی عێراق خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند. فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی لە لایەن فالح ساری، وەزیری داراییەوە و دوابەدوای تەواوبوونی ڕێكارە داراییە پێویستەكان بۆ خەرجكردنی و بەشێوەیەك گرەنتی گەیشتنی ئەو شایستانە بۆ هەموو پارێزگاكان بكرێت، ئاشكرا كرد”. بە پێی ڕاگەیەنراوەكە وەزیری دارایی عێراق جەختی كردووەتەوە كە ئەو هەنگاوە لەپێناو پاڵپشتی جووتیاران و بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراكە و هەروەها دەرخستنی پابەندبوونی حكومەت بە مافەكانی جووتیاران و پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵە كە یەكێكە لە بنەماكانی ئابووری وڵات. وەزیری دارایی عێراق ستایشی هەوڵەكانی جووتیارانی كرد بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەردەوامبوونی وەزارەتەكەیشی بۆ پاڵپشتی ئەو كەرتە گرنگە و دابینكردنی پێداویستیەكانی سەرخستنی دووپات كردەوە. سەرەتای مانگی ڕابردوو هەزاران جووتیاری سەرجەم ناوچەكانی عێراق لە بەغدادی پایتەخت داوای خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ساڵی ڕابردوویان كرد.
