كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمریكی بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی بۆ قەوارەی زایۆنی ڕاگرت و ڕایگەیاند، خزمەتگوزارییەكانی دژ بە فەلەستینییەكان بەكار دەهێنرێت. كۆمپانیا ئەمریكییەكە لە ڕاگەیەنراوێكیدا دەڵێت، بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی لەلایەن یەكەیەكی سەربە وەزارەتی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلەوە بۆ كاری هەواڵگری لەسەر فەلەستینییەكان بەكار دەهێنرێت، بۆیە بڕیاریداوە بە داخستنی سیستمەكەی بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل. بەپێی ئەوەی مایكرۆسۆفت ڕایگەیاندووە، پلاتفۆرمی ئازوور كە هی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمریكییە لەلایەن سوپای زایۆنییەوە بۆ تۆماركردنی پەیوەندییە تەلەفوونییەكانی فەلەستینییەكان بەكارهێنراوە و لەو سیستمەدا هەڵگیراوە، ئەوەش پێچەوانەی ڕێنماییەكانی كاركردنە بەو پلاتفۆرمە. هەروەها براد سمیس، سەرۆكی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، لە یەكێك لە پلاتفۆرمەكانی كۆمپانیاكە رایگەیاند، داخستنی یەكێك لە سیستمەكانمان بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هاوبەشیی ئاسایشی سێبڕانی لەگەڵ ئیسرائیل نایەت.
