ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هۆشداری لەدۆخی مرۆیی لەسوریا دەدات و ڕایگەیاند، دۆخی مرۆیی و بژێوی لەسوریا بەرەو خراپی دەچێت و دەڵێت، دەبێت ئازادکردنی سەرجەم گیراوان و گۆڕینەوەی دەستبەسەرکراون لەگەڵ حکومەتی سوریا دەستبەجێ دەستپێبكات.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەڕاگەیەندراوێكدا ڕاشیگەیاند، لەکاتێکدا دۆخی مرۆیی و بژێوی لەسوریا بەرەو خراپی دەچێت، هەنگاوەکانی بنیاتنانی متمانە دەبنە کلیلی پێشخستنی پرۆسەی سیاسی.
مەسەدە پشتگیریی خۆی بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی 29ی کانونی دوەم دەربڕی و ئازادکردنی دەیان گیراوی لەپارێزگای حەسەکە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی وەسف کرد.
مەسەدە داوای جوڵەی خێرا دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گۆڕینەوەی دەستبەسەرکراون لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای سوریا.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە پرسی لێخۆشبون و ئازادکردنی گیراوەکان ببێتە شێوازێکی کاری گشتگیر و بەردەوام و هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە بەشێوەی نایاسایی یان بەسەرکوتکاری دەستبەسەرکراون، بەبێ هیچ جیاکارییەک.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، هەسەدە پێشوازی لەگەڕانەوەی نزیکەی 400 خێزانی ئاوارەی عەفرین بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکات.
ئاماژە بەوەش دراوە کە دەبێت ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام، خۆبەخشانە و شکۆمەندانە بۆ هەموو ئاوارەکان، بەجۆرێک کە مافی نیشتەجێبون و خاوەندارییەتییان پارێزراو بێت.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختی لەگرنگی کردنەوەی ڕێگەو دەروازە ناوخۆییەکان کردەوە، بەتایبەتی لەدەوروبەری شارەکانی کۆبانی و حەسەکە.
مەسەدە دەشڵێت،”ئەم هەنگاوە گرنگییەکی مرۆیی و ئابوریی گەورەی هەیە بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی مەدەنییەکان، بوژانەوەی بازاڕ و بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی”.
مەسەدە پێشی وایە، سەقامگیریی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیریی تەواوی وڵاتەکەیە و هاوکار دەبێت بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕەنگاربونەوەی تیرۆر.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداری لەهەر پرۆسەیەکی نیشتمانیی جیدی کە بەرەو چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر هەنگاو بنێت؛ چارەسەرێک کە یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوبەشی و فرەیی بێت.
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
