خوێندراوەتەوە: (406)

بەپێی ڕاپرسییەكی نوێ كە لەلایەن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست و كەناڵی ئەی بی سی ئەنجامدراوە، زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەمریكا پێیانوایە بڕیاری بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران هەڵە بووە. لە ڕاپرسییەكەدا كە زیاتر لە دوو هەزار و 500 كەس تێیدا بەشداربوون، دەركەوتووە كە 61%ی ئەمریكییەكان دژی هەنگاوە سەربازییەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپن، لە كاتێكدا تەنها 36%ی بەشداربووان پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەكەن. ئەنجامەكان دەریدەخەن، كە گومانێكی زۆر لەسەر سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان هەیە. تەنها 19%ی بەشداربووان پێیان وایە شەڕەكە سەركەوتوو بووە، لە بەرامبەردا 39% پێیان وایە شكستی هێناوە، هەروەها زۆرینەی ئەمریكییەكان بێ ئومێدن لەوەی كە هیچ ڕێككەوتنێك بتوانێت ڕێگری لە ئێران بكات بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی، چونكە تەنها 8% متمانەی تەواویان بەم بابەتە هەیە. سەبارەت بە كاریگەرییە ئابوورییەكان، زۆرینەی گەلی ئەمریكا نیگەرانن لەوەی ئەم جەنگە ببێتە هۆی پاشەكشەی ئابووری لە وڵاتەكەیاندا، بەپێی ئامارەكانیش 60%ی خەڵك پێیان وایە شەڕی سەر ئێران ئەگەری دروستبوونی قەیرانی دارایی زیاد دەكات و 37%یش بڕوایان وایە كە قەیرانی دارایی دروست نابێت یان ئەگەری دروست بوونی كەمە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە وڵاتەكە بەرەو هەڵبژاردنەكان هەنگاو دەنێت و نرخی سووتەمەنیش لە بەرزبوونەوەدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 204 📊 Click Here