خوێندراوەتەوە: (1.4K)

چاوەڕێ بیلال

لاهور شێخ جەنگی لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – خولی شەشەم لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ وەک سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لەبازنەی سلێمانی و کاندیدی ژمارە یەک (١١٠٠١) دەنگی بەدەستهێنا، بەرەی گەل ڕیزبەندی حەوتەم لیست و حزبی سیاسیی پارێزگای سلێمانی بوو بەبردنەوەی (٢٠٣٥٥)دەنگ، کە یەک کورسی پەرلەمانی لەو پارێزگایە بەدەستهێنا کە لاهور شێخ جەنگی بووە کاندیدی سەرکەوتووی پەرلەمان.

لێرەدا من(گریمانە)ی ئەوە دەخەمەڕوو ئەگەر لاهور شێخ لەڕۆژی ٢٠٢٤/١٢/٢ لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی خواردبا و پارێزبەندی پەرلەمانی هەبوایه لێکەوتەو کاریگەرییە پەیڕەویی و یاساییەکان لەسەر ناوبراو چی دەبوون بەپێی پەیرەوی ناوحۆی پەرلمانی کوردستان، دوا بەدوای ڕووداوە نەخوازراوەکانی لالەزار لە ٢٢ی ئابی مانگی رابردوو.

پارێزبەندی پەرلەمانی شێوازێک لە پاراستنی یاسایی کەپەیڕەو دەیبەخشێت بەنوێنەرانی گەل لە پەرلەمان، وەک جۆرێک لە پاراستنی سیاسی و یاسایی لەبەرامبەر هەر رێکارێکی دادوەری کە لەدژی دەگیرێتەبەر، تا ئەو نوێنەرانە بتوانن ئەرکە یاساییەکانیان وەک دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بە باشی بەرێوەبەرن

بۆ خستنەڕوو و شیکردنەوەی پارێزبەندی لەو باسە تیشک دەخەینەسەر ماددەی(٢٤)ی پەیڕەوی ناوخۆ تایبەت بەپارێزبەندی ئەندامی پەرلەمان.

ماددەی(٢٤):

پارێزبەندی پەرلەمانیی(الحصانة البرلمانیة)

یەکەم: ئەندام، لەڕۆژی (سوێندخواردن)ی یاساییەوە، پارێزبەندی یاسایی دەبێت و ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی پەرلەمات تەنازولی لێ بکات.

دووەم/ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەکاتی ئەنجامدانی کاری پەرلەمانیدا، بەشێوەیەک رەچاوی ڕێزگرتن لەدامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم لەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان بکات.

سێیەم: نابێت ئەندام ڕاوەدوو(ملاحقة) بنێرێت یان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان ماڵ و نوسینگەکەی پشکنینی بۆ بکرێت یان دەستگیربکرێت بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت کە تاوانێکی بینراوی ئەنجامدا بێت.

چوارەم: بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیی، پێویستی بەدەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمانەو لەدەرەوەی وەرزەکانی یاسادانانیش، دەستەی سەرۆکایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی دەدات.

پێنجەم: بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی، تەنیا بۆ ئەو کردەوە تاوانییەیە، کە لەداواکەی دادوەری هاتووە، لەسەر کردەکانی تری ئەندام جێ بەجێ نابێت.

شەشەم: ئەگەر ئەندام تاوانێکی لەجۆری جینایەت لەناو حەڕەمی پەرلەماندا ئەنجامدا، لەسەر سەرۆک پێویستە کە فەرمان بکات بەدەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی لەشوێنێکی دیاریکراو، پاشان رادەستی دەستەڵاتی دادوەری بکات، بەڵام ئەگەر تاوانەکە، لەجۆری کەتن(جنحة)بوو، سەرۆک دەتوانێت دەسەڵاتی دادوەری ئاگادار بکاتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەری.

حەوتەم: ئەو ئەندامەی پارێزبەندی لەسەر هەڵگیراوەو رانەگیراوە(توقیف)، نەکراوە، لەیەکێک لەگرتووخانەکان، دەتوانێت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لیژنەکان بکات و بەشداریش بێت لەگفتۆگۆکردن و دەنگداندا.

هەشتەم: ئەگەر پەرلەمان، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی رەتکردەوە، بەبێ پێشکەش کردنی بەڵگەی نوێ لەسەر هەمان بابەت، داواکاری نوێ پێشکەش ناکرێتەوە.

بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی(٢٤) ئەگەر لاهور شێخ جەنگی ئەندامی خولی شەشەمیی پەرلەمان بوایه ئەو حاڵەتانەی خوارەوە تێبینی دەکران، سەبارەت بەفەرمانی دەستگیرکردنی:

یەکەم/ بەپێی بڕگەی سێیەم لەماددەی (٢٤) هەڵگرتنی پارێزبەندی کە پێویستی بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووانی پەرلەمانە(نیساب تەواوبووبێ و دانیشتنێکی تەواو یاسایی بێت).

دووەم/ بەهۆکاری هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کۆنەبوونەوەی پەرلەمان، بڕگەی سێیەم بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر لاهور شێخ جەنگی جێ بەجێ نەدەبوو.

سێیەم/ ئەگەر گریمان دۆخی چەقبەستووی یاسایش نەبوایە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هەڵبژێردرابوایە ئەوا بۆ فراکسیۆنی یەکێتی قورس بوو زۆرینەی پەرلەمانی بەکاربهێنێ بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانی دژی لاهور شێخ جەنگی، بەو پێیەی یەکێتی خاوەنی ٢٣ کورسی پەرلەمانیە و پێویستی بە٥٠+١ هەیە واتە ٥١ دەنگی پەرلەمانتاران لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، لەحاڵەتی نەهێنانی ئەو زۆرینەیە بەمانا یاساییەکەی پەرلەمان هەڵگرتنی پارێزبەندی رەتکردۆتەوە..

لێکەوتە یاساییەکانی پارێزبەندنی:

یەکەم/ بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی (٢٤) نابێت ئەندام ڕاوەدوو(ملاحقة) بنێرێت یان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان ماڵ و نوسینگەکەی پشکنینی بۆ بکرێت یان دەستگیربکرێت بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت کە تاوانێکی بینراوی ئەنجامدا بێت.

بەپێی ئەو بڕگەیە هیچ هێزو لایەنێکی سیاسیی نەیاندەتوانی هەڵبکوتە سەر ماڵ و نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی تەنها لەو حاڵەتەندا نەبێ کە تاوانێکی بینراوی ئەنجامدا بێت.

دووەم/ پەرلەمانتار ئازادە لە چوونە بەردەم دادوەر بەپێی یاسا هەر پەرلەمانتارێک سکاڵای لەسەربێت دەتوانێت نەچێتە بەردەم دادگا بۆ لێپرسینەوە تا ئەوکاتەی بەپێی رێکارە یاساییەکان پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگیرێت، لە هەمانکاتدا پەرلەمانتار ئازادە لەوەی پێش ئەوەی پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت بۆ هەر داوایەک کە لەسەریەتی بەخواستی خۆی بچێتە بەردەم دادوەر و چاوەڕوانی هەڵگرتنی پارێزبەندی نەبێت.

سێیەم/ ئەگەر لاهور شێخ جەنگی ئەو سیفاتە یاساییەی هەبوایە وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و خاوەن پارێزبەندی پەرلەمانی بوایە ئەوا لەئەگەری هەڵگیرسانی هەر هێرش و هەڕەشەیەک لەسەری؛ بەدەر لەکاریگەرییە سیاسییەکان وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسیی(بەرەی گەل)، لێکەوتەی یاسایی دەبوو، کاریگەری گەورەی دروست دەکرد لەئاستی ناوخۆو هەرێمی و نێودەوڵەتی کە بەچەک و هێز هێرش بکرێتە سەر ئەندامێکی پەرلەمان و دەستگیر بکرێت لەکاتێدا خاوەن پارێزبەندی پەرلەمانییە، بۆیە ئەو ڕووداوەی ٢٢ی ئاب کە ڕوویدا بەهەموو پێوەرێک ئەگەر لاهور شێخ جەنگی پارێزبەندی هەبوایە ئەستەم بوو ئەوەی ڕوویدا روویدابوایه..

ئەوەی خستمانەڕوو لەڕوانگەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو، بۆ وڵاتێک کەیاسا سەروەربێ نەک سەروەری بەیاسا کرابێ؛ وڵاتێک دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت و لۆژیکی هێزی یاسا تەحەکوم به یاسای هێزەوە بکات نەک بەپێچەوانەوە..!؟

#چەمکی پارێزبەندی و جێکردنەوەی لە پەیڕەودا وەک مافێکی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، بۆ یەکەمجار لە وڵاتی بەریتانیا لە سەدەی چواردە هاتە کایەوە، پاشان بەشێوەیەکی داڕێژراوتر لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسا لەو وڵاتەش پەسەندکرا و دواتر گوازرایەوە بۆ وڵاتانی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 121 Today: 1,232 📊 Click Here