چاکسازییەکانی ئیدرارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و ڕێکخستنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارە وەزارەتەکە لە نزیکترین کاتدا زیاتر لە هەزار و 300 کارمەند دەر بکات.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی کارمەند و خەرجییەکانی حکوومەت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا هۆشداری دوورخستنەوەی بۆ هەزار و 107 کارمەندی ناوخۆ و 246 دیپلۆماتکار و کارمەندانی نووسینگەکانی وەزارەتەکە ناردووە.
ئەو ئاژانسە ڕاشیگەیاندووە، ئەو بەرپرسە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، چونکە تاوەکوو ئێستا نامەکە بڵاو نەبووەتەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە مالیزیا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو نامەیە دەست ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس کەوتووە، دیپلۆماتکار و کارمەندانی نووسینگەکانی وەزارەتەکە نزیکەی 120 ڕۆژ، هەروا کارمەندانی ناوخۆیی نزیکەی 60 ڕۆژ بەر لە دەرکردنیان، بە مووچەی تەواو مۆڵەت دەدرێن.
هەروەها لە نامەی هۆشدارییەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، وەزارەتەکە ئۆپەراسیۆنە ناوخۆییەکان کەم دەکاتەوە زیاتر سەرنجی لەسەر کارە دیپلۆماسییە سەرەکییەکان دەبێت، هاوکات ئەو کارمەندانەی دەرکراون لەسەر بنەمای، کارمەندی ناپێویست، دووبارە بوونەوەی کارمەندان و تێکەڵکردنی نووسینگەکان بۆ ئەوەی کارامەتر و کاریگەرتر بن.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە و بەرپرسە کۆمارییەکانی دیکە ستایشی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی کارمەندانی وڵاتەکەی دەکەن و بۆ کاراتر و خێراترکردنی کارەکانی وەزارەتەکان بە پێویست دەزانن، بەڵام بەشێک لە دیپلۆماتکارانی پێشوو و ئێستای حکوومەتی ئەمەریکا بە توندی ڕەخنە لەم هەنگاوە دەگرن و ڕایانگەیاندووە، ئەم بڕیارە کاریگەری ئەمەریکا لاواز دەکات و کاریگەری لەسەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی جیهان دەکات.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، نامەیەکی بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ناردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، وەزارەتەکە 18 هەزار و 700 کارمەندی هەیە، وەزارەتەکە پلانی هەیە 18% کارمەندەکانی کەم بکاتەوە.
