خوێندراوەتەوە: (1.5K)

ئاراس طارق محمد

لە وڵاتێکدا کە شانۆگەریی میدیایی جێگەی کاری ڕاستەقینەی گرتووەتەوە، دەسەڵاتداران بەر لەوەی بیر لە دەرەنجامی کارەکانیان بکەنەوە، بیر لە ڕەنگی ئەو قردێلەیە دەکەنەوە کە دەیبڕن. خزمەتگوزاری بووەتە کەرەستەیەکی لاوەکی و ئەوەی پێشینەی هەیە، تەنها وێنەی یادگارییە.

ئەگەر پێشبڕکێیەک هەبێت بۆ بڕینی قردێلەی سوور و گرتنی وێنەی جوان لەبەردەم کامێراکاندا، ئەوا وەزارەتەکانمان دەبنە پاڵەوانی بێڕکابەری جیهان. بۆ نموونە، زۆرجار دەبینین وەزیرێک بە زەردەخەنەیەکەوە قردێلەی نەخۆشخانەیەکی گەورە دەبڕێت و ئاهەنگی بۆ دەگێڕێت، بەبێ ئەوەی لە ناوەوە یەک پزیشکی پسپۆڕ یان دەرمانی پێویستی تێدا بێت. لێرەدا وەزارەتەکان زیاتر لە ئاژانسی ڕێکخستنی ئاهەنگەکان دەچن، نەک دامەزراوەی جێبەجێکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە بۆ هاوڵاتییان.

کاتێکیش باس دێتە سەر ئەنجامە ڕاستەقینەکان و بەدواداچوون بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، یەکسەر دەستەواژەی “لە ژێر پێداچوونەوەدایە” یان “لیژنەی بۆ پێکهێنراوە” دەخرێتە کار. ئەم دەستەواژانە لە فەرهەنگی حوکمڕانیی ئێمەدا زۆرجار مانای ئەوەیە کە پڕۆژەکە خرایە گۆڕەوە و هەرگیز ڕووناکی نابینێت. دەسەڵاتداران زۆر بە باشی دەزانن چۆن شاشەکان پڕ بکەن لە دەنگی چەپڵە و مژدەی گەورە. بەڵام کاتێک هاوڵاتی دەچێتە ناو دامەزراوەکەوە بۆ وەرگرتنی خزمەت، دەبینێت هیچ شتێک لەوێدا نییە جگە لە بۆشاییەکی گەورە.

گای دیبۆر، فەیلەسوفی فەرەنسی لە کتێبی “کۆمەڵگەی نمایش”دا دەڵێت: “لە کۆمەڵگەیەکدا کە نمایشی مۆدێرن باڵادەستە، هەموو شتێک کە سەردەمانێک ڕاستەقینە بوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ تەنها نواندنێک.” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو وەزارەتانەیە کە هەموو توانایەکیان خستووەتە خزمەتی نمایشێکی میدیایی بۆ شاردنەوەی شکستی کارگێڕییان. مەراسیمی بڕینی قردێلەکان خۆی بووەتە ئامانجەکە، نەک ئەو خزمەتگوزارییەی کە گوایە پڕۆژەکە پێشکەشی دەکات. ئەوان وا دەزانن بە فرۆشتنی وێنەی سەرکەوتن، دەتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی خودی سەرکەوتنەکە بدزنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 178 Today: 1,251 📊 Click Here