خوێندراوەتەوە: (1.3K)

هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان پێشوازی لە دانوستانەكانی مەسقەت دەكەن و جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی دەكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە تەقینەوەی بارودۆخی ئەمنی و هەڵگیرسانی جەنگی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا. هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لە عومان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە ناوچەییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ هاوكاریكردن لە چارەسەركردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، بەو مەرجەی واشنتۆن و تاران بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی. لاڤرۆڤ هۆشداریشی دا كە دۆخی ئێستای ئێران مەترسی تەقینەوەیەكی گەورەی لێدەكرێت كە ڕەنگە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، و جەختی كردەوە، وڵاتەكەی بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان بێدەنگ نابێت. لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی میسر پشتیوانی خۆی بۆ دانوستانەكان ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، كە چارەسەری دیپلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان. چین-یش پشتیوانی بۆ سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەربڕی و ئاماژەی بە كۆبوونەوەی بەرپرسانی هەردوو وڵات كرد لە پەكین بۆ تاووتوێكردنی دۆخەكە. هاوكات، فەرەنسا داوای لە تاران كرد سوود لەم دەرفەتەی مەسقەت وەربگرێت و ئامادەیی نیشان بدات بۆ پێشكەشكردنی سازش لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 34 Today: 181 📊 Click Here