دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بڵاویان كردەوە، لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێدا لە ناوەڕاستی مۆسكۆ بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری كوژراوە. دەستەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی ڕووسیا بڵاوی كردوەتەوە، ئۆتۆمبێلێك لە ناوەڕاستی مۆسكۆ تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا جەنەڕاڵ فانیل سارفارۆڤ، فەرماندەی بەڕێوەبەرایەتی راهێنانەكان لە فەرماندەیی باڵای هێزەكانی ڕووسیا كوژراوە. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان بۆمبێكی چێنراو لكێنراوە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسە باڵاكەی ڕووسیا و بەیانی ئەمڕۆ لە نزیك ماڵی خۆیدا تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا بەرپرسە ڕووسییەكە كوژراوە. میدیاكانی ڕووسیا ئەوەیان بڵاو كردوەتەوە، هەواڵگری ئۆكرانیا لە كردەكەدا تۆمەتبار كراون و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش لەسەر ڕووداوەكە پێكهێنراوە. جەنەڕاڵ فانیل سارفاروف، لە ساڵی 2016ـەوە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی كردە سەربازییەكان بووە لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا و لە جەنگی ئۆكرانیادا ڕۆڵێكی دیاری هەبووە.
