ئەو كارمەندەی ئاسایش كە لە چەمچەماڵ لەكاتی دابەشكردنی هاوكارییەكاندا بریندار كرا كەمێك لەمەو بەر گیانی لەدەست دا. كەمێک لەمەوبەر ئاكۆ سابیر كارمەندی ئاسایشی ڕۆژاوای سلێمانی كە دوێنێی لە قەزای چەمچەماڵ لە كاتی ئەكردا بۆ پاسەوانی دابەشكردنی هاوكارییەكان بەسەر لێقەوماوانی قەزای چەمچەماڵ بە سەختی بریندار بوو گیانی لەدەست دا. لە ڕووداوەكە سێ كەس بریندار بوون برینی دووان لە بریندارەكان سووك بوو و هەر لە قەزای چەمچەماڵ چارەسەری پێویستیان بۆ كرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە فیشەك بەر ملی كەوتبوو برینی ئاكۆ سابیر سەخت بوو و بەهۆیەوە گواستراوە بۆ شاری سلێمانی و خرایە ژێر چاودێری چڕی پزیشكییەوە. هەر دوێنێ بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی ماوەبەسەرچوو لە كۆنتگرەیەكی ڕۆژناوەانیدا لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند، كە تەقەكەرەكان بە مەبەستی كوشتن ئەو كارەیان كردووە و لە هێزەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك پێشمەرگەن. لای خۆیشیەوە عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك لە ڕوونكردنەوەیەكیدا دەڵێ: ڕووداوەكە لەنێوان تیمێكی هێزەكانی ئاسایش و دوو پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕووی داوە كە زیاتر بە فەوجی من دەناسرێت. عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك باسی لەوەیش كرد: كێشەكە بەهۆی پابەندنەبوونی پێشمەرگەكان بووە بەو ڕێكار و سەرەگرتنەی ئاسایشەكان بۆ وەرگرتنی هاوكارییەكان پەیڕەویان كردووە.
