خوێندراوەتەوە: (466)

یەكەمین دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان، لە بەغدا بەڕێوەچوو كە یەكێكە لە دیارترین تاوانبارانی شاڵاوەكانی ئەنفال و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرەسەلمان. چیا نوری نێری كە لە دادگایكردنەكەدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند عەجاج لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ڕەسافە دادگایی دەكرێت و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێنرایە دادگاكە. بەپێی زانیارییەكانی نێری لەكاتی دادگاییكردنەكەدا 11 سكاڵاكار شاهێدییان لە دژی تۆمەتبار دا و دانیشتنەكەی دادگا دواخرا و بڕیارە 14ی ئەم مانگە دووەم دانیشتنی دادگا لەسەر هەمان دۆسیە بەڕێوەبچێت. عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی كە بە “عەجاجی نوگرەسەلمان” ناسراوە، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی دڕندانەترین تاوان دژی ئەو كوردانەی لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفالدا ڕەوانەی زیندانی نوگرەسەلمان لە بیابانی سەماوە كرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو دەستگیر كرا و دوای لێكۆڵینەوەكان ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی لە بەغداد بەڕێوە چوو. عەجاج لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا بە خێرایی دانی بە هەموو ئەو تاوانانەدا ناوە كە دژی كوردەكان، بەتایبەت ژنان و منداڵان ئەنجامی داون، تا ئێستاش زیاتر لە 300 سكاڵای فەرمی لە لایەن ڕزگاربووانی ئەنفالەوە دژی ناوبراو تۆمار كراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 19 Today: 1,977 📊 Click Here