شەپۆلێکی باران و بەفر بارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و باران بارین بەدرێژایی هەفتە بەردەوامی دەبێت. کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سبەی شەوەوە شەپۆلێکی باران و بەفر بارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و کەشناسی عێراقیش دەڵێت، باران بارین بەدرێژایی هەفتە بەردەوامی دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، سبەی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی ئێوارە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و بەهۆی کاریگەری نزمە پەستانێکی باکووری دەریای ناوەڕاست، شەپۆڵێکی نمە باران و بەفر لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوچەکەمان دەگرێتەوە. ئەوەشهاتووە، لە کاتەکانی درەنگانی شەودا نمەباران لەگەڵ بەفرێکی کەم سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی دەست پێ دەکات پاشان بۆ کاتەکانی ڕۆژی شەممە کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خێرایی با مامناوەندە. لەبەرامبەردا کەشناسی عێراق پێشبینی خۆی بۆ کەشی ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەدرێژایی هەفتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاسمان هەوری تەواوە و ئەگەری باران بارین هەیە و زۆرجار هەورەبروسکەی لەگەڵدایە و لەناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفر بارین هەیە.
