پهیام ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لە حکومەتی فیدراڵی و، حکومەتی ماوەبەسەرچوو و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات پابەندی بڕگەکانی دەستوور بن، ئەمەش لە کاتێکدایە ناکۆکی و لێدوانی توند لەنێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان درووستبوو. ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکگرتووی سەربەخۆیە و سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراتییە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ زامنی بنەماکانی دەوڵەتە و دادگای باڵای فیدراڵیش لایەنی تایبەتمەندە بۆ لێکدانەوەی دەقەکانی. لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتیش کراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بە تەواوی پابەندی دەستوور بن، تاوەکو ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و مەرجەعە دەستوورییەکان بگیرێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنەکاندا. ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی باکوری ڕاگەیاند، لەبەرانبەردا بەرپرسانی پارتی و یەکێتی وەڵامی حکوومەتی عێراقیان دایەوە و وتیان هەرێم قەوارەیەکی دەستوورییە و هیچ هەنگاوێکی لەو شێوەیە قبووڵکراو نییە.




