هەڵوێستەكان لە عێراق دژ بە گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران بەردەوامییان هەیە، لەو میانەیەشدا ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب دەڵێت: ڕێگە نادەین عێراق ببێتە بەشێك لەو گەمارۆیە. قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: جێگەی نیگەرانییە و بەتەواوی ڕەتكراوەیە ببینین ئێران بە وشكانی، دەریایی و ئاسمانی گەمارۆ دراوە و عێراقیش تەنیا بینەر بێت، یان بەشداری تێدا بكات. لە نووسینێكیدا لە تۆڕی ئێكس، قەیس خەزعەلی ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی، كەلتووری و ئایینییەكانی نێوان عێراق و ئێران ڕێگە بەم جۆرە مامەڵەیە نادەن. ڕایشیگەیاندووە: دەبێت هەڵوێستی عێراق هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە بێت كە پێشتر بەرانبەر گەمارۆكانی گەلانی وەك توركیا و ئەفغانستان هەیبووە و پێویستە بڕیارێكی سەروەری و مرۆیی دوور لە ترس و هەڕەشە بدرێت. خەزعەلی داواش لە هێزە سیاسییەكان دەكات یەكڕیز بن و لە تۆمەتباركردنی یەكدی دوور بكەونەوە، حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بكەن و ڕێگە نەدەن عێراق ببێتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی زیان بە گەلانی ناوچەكە دەگەیەنن. سەرەتای هەفتەی ڕابردوو وەزیری گەنجینەی ئەمریكا گەمارۆی سەر هێڵی ئاسمانیی مەدەنیی ئێران ئاشكرا كرد و لە 23ـی مانگیشەوە گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە بۆ ئێران راگیراون.
