خوێندراوەتەوە: (1)

مەبەست ساڵح ڕەوف

لە هونەری حوکمڕانیی هاوچەرخدا، گەورەترین و سوتێنەرترین سەرکەوتنێک کە دەستەبژێری دەسەڵاتدار بەدەستی هێناوە، بریتی نییە لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانەکان یان بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، بەڵکو بریتییە لە دیزاینکردنی ئیداریی “شکست” بە شێوازێک کە بەرگی مەشغووڵبوونی بەردەوامی پۆشندرابێت! حکومەت بۆ ئەوەی لە چاوی جەماوەردا وەک قەوارەیەکی چالاک دەربکەوێت، بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکان نییە؛ تەنیا پێویستی بە دروستکردنی جوڵەی بەردەوام و پڕ لە ژاوەژاوە: بەستنی کۆبوونەوەی فەرمی، دروستکردنی لیژنەی نوێ، ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانسی دراماتیکی، دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕاگەیاندن، سازکردنی ڕێوڕەسمی بڕینی قاچکی پڕۆژە خەیاڵییەکان، و بەرهەمهێنانی بەردەوامی نمایشە سیاسییەکان. سەیرکە؛ تەواوی وڵات مەشغووڵ دەربکەوێت، حکومەت بەردەوام بێئۆقرە و مانوو دەربکەوێت، و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ ببن لە دەنگوباس و سەردان و بڕیاری ئیداری، کەچی لەسەر زەمینی واقیع هەمان هاوکێشە تاڵەکە پەکیکەوتووە: کارەبای نیشتمانی هێشتا بڕاوە، مووچە هێشتا بەستراوەتەوە بە دواکەوتن و نادیاری، و خزمەتگوزارییەکان هێشتا وەک خۆیان ئیفلیجن! لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەسەڵات بەم شێوەیە دەرببرێت:

“ئێمە ناتوانین کێشە سەرەکییەکانت بۆ چارەسەر بوبکەین، بەڵام بێگومان دەتوانین ئەوەندە کۆبوونەوە و فیستیڤاڵت بۆ ڕێکببڕێین تاوەکو وێنەی وڵاتێک دروست بکەین کە شەو و ڕۆژ بەردەوام لە کارکردندایە!” ئەم دروستکردنی جوڵە وەهمییە نیشانی دەدات کە مەشغووڵبوونی ئیداری گۆڕدراوە بۆ ماسکێک بۆ داپۆشینی بێتواناییی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارێتی. کاتێک ئاداءی دەوڵەت بەپێی کاتی کۆبوونەوەکان و ژمارەی هەواڵەکان بسەنگێندرێت نەەک بەپێی ئاکامی بەرجەستەی ئابووری، ئیتر تەواوی پرۆسەی حکومڕانی دەگۆڕێت بۆ شانۆگەرییەک کە تێیدا خەڵک باجی بلیتی نمایشێک دەدەن کە هیچ ئەنجامێکی نییە. لە کۆتاییدا،

تا ئەو کاتەی جەماوەر جیاوازیی بوبکەن لە نێوان “مەشغووڵبوونی بێسود” و “ئاداءی بەرهەمدار”، ئەم سەرکەوتووەترین پڕۆژەیەی دەسەڵات بەردەوام دەبێت: بەرهەمهێنانی شکستی ڕازێنراوە و نمایشی مەشغووڵبوون تا لەبیرمان بچێتەوە داوای مافە سەرەتایی و ئەسڵییەکانمان بوبکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 150 Today: 2,807 📊 Click Here