خوێندراوەتەوە: (11)

توانای زەیدیی بۆ بەردەوامبون لەسەر چاکسازییەکانی، ڕوبەڕوی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە کاتێک دەست بۆ دۆسیە هەستیارەکان دەبات؛ وەک کەمکردنەوەی هەژمونی گروپە چەکدارەکان یان تێکشکاندنی ئەو تۆڕە داراییانەی کە بازرگانی بەدراوی قاچاخەوە دەکەن، ڕاپۆرتێكى بهریتانیش دهڵێت، زەیدی بەپشتگیریی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپو ئیدارەی ئەمریکا پێگەی خۆی لەواشنتۆن بەهێز دەکات، هاوکات فایەق زێدانیش لەبەغدا بوەتە قەڵایەکی یاسایی بۆ پاراستنی چاکسازییەکانی.

ڕاپۆرتێکی میدیایی ئاشکرایدەکات، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم دەرکەوتنە سیاسییە بەهێزەیدا پشت بەبنکەیەکی جەماوەریی یان نفوزێکی تایبەتی خۆی نابەستێت، بەڵکو دەسەڵاتەکەی لە”هێزێکی خواستراو”ەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هێزەش لەپاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەریی، پشتگیریی ئەمریکاو ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارەوە دێت کە بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە ههموو ئهوانه سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێزەکەى زهیدین لەوکاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتوە.

ئەدای سیاسیی زەیدیی لەدوای وەرگرتنی پۆستەکەی لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە، سەرنجێکی زۆری ناوەندە سیاسییو میدیاییەکانی ڕاکێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی زنجیرەیەک بڕیاری توندی دەرکرد، کە گرنگترینیان لەدۆسیەکانی دژایەتیکردنی گەندەڵیو گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتدا بون، بەڵام ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەمواج)ی بەریتانی پێیوایە، ئەم دەرکەوتنە بەهێزەی زەیدیی، بەواتای هەبونی پێگەیەکی سەربەخۆ نییە بۆ خۆی، بەڵکو تەنها بەهۆی تێکەڵەیەک لەپاڵپشتیی دادوەریی، هاوکاریی ئەمریکاو دابەشبونی هێزە سیاسییەکانی ناو دەسەڵاتەوەیە.

بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەزمونێکی سیاسیی ئەووتۆی نەبوو، چاودێرانی سەرسام کرد بەخێرایی لەدەرکردنی بڕیاری بوێرانەدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای دەستنیشانکردنیدا وەک كاندیدێكى تهوافوقى سەیر دەکرا کە چاوەڕوان نەدەکرا ببێتە هەڕەشە بۆسەر هاوسەنگیی هێز لەناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا.

ماڵپەڕە بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم دۆخە نیشانەی دەرکەوتنی “سەركردەیەكی بەهێز”ی نوێ نییە لەعێراقدا، بەڵکو تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە زەیدی توانیویەتی زۆر زیرەکانە سود لەو باڵباڵێنو ناڕێکیىو نهبونى یهكڕیزییهى ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار وەربگرێت، ئەمەش وایکردوە کاتێک لایەنە هێنەرەکانی بۆسەر دەسەڵات خاوەن هەڵوێستێکی یەکگرتونین، ئەو ماوهیهكى فراوانتری بۆ جوڵەو بڕیاردان هەبێت.

ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، زەیدیی بەهێزێکی دەرەکی حوکم دەکات؛ چونکە لەجیاتی پشتبەستن بەحزبێکی بەهێز یان پێگەیەکی جەماوەریی، بڕیارەکانی لەڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییو ئەو چەترە سیاسییەوە دەسەپێنێت کە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکادا بۆیان دابینکردوە، کەمپەینی دژە گەندەڵی حکومەت لە28ى حوزەیرانی ڕابردودا، کە تێیدا 67 کەس دەستگیرکرانو دەستبەسەر زیاتر له250 ملیۆن دۆلاردا گیرا، باشترین بەڵگەی ئەو زانیارییانهیه، ئەم کەمپەینەش هەرچەندە لەناوخۆدا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو و زەیدیی وەک بەرپرسێکی خاوەن بڕیار نیشاندا، بەڵام بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، تەنها بەهۆی ڕێکارە فەرمییەکانی دادگاوە سەرکەوتوە، بەپێچەوانەی ئەزمونەکانی پێشوو کە پشتیان بەلیژنە جێبەجێکارە نائاساییەکان دەبەست.

ڕاپۆرتەکە گرنگییەکی زۆر بەڕۆڵی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەداتو پێیوایە، فایەق زێدان-ى سەرۆکی ئەنجومەنەکە، پشتیوانییو ڕێگەپێدانێکی یاساییو دامەزراوەیی وای بۆ فهراهەمکردوە کە حکومەت بتوانێت کەمپەینەکەی دژی گەندەڵی جێبەجێبکات، ههروهها سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوەکانیش لەلایەن دادوەر زیا جەعفەر-ەوە ئەم ڕاستییەی زیاتر چەسپاندوە.

ئەوەش هاتوە، ئەنجامدانی دەستگیرکردنەکان لەماوەی پشوی یاسادانانی پەرلەماندا، دەرفەتێکی دەستوریی بەحکومەت داوە تاوهكو پێویستی بەدەنگدانی پەرلەمان نەبێت بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لەهەندێک پەرلەمانتار، ئەمەش نەرمیو خێراییەکی زیاتری بەپرۆسە دادوەرییەکان بەخشیوە.

ههروهك ماڵپهڕه بهریتانیهكه لەزاری کەسایەتییەکی سیاسیی دیاری عێراقییەوە بهبێ ئاشكراكردنى ناوهكهى، دەڵێت، “ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێڕاوە لەدابینکردنی بنەمای یاسایی جوڵاندنو یهكلاكردنهوهى دۆسیەکانی گەندەڵیی، بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنانەش بەبێ ئەم پاڵپشتییە ئەستەم بوو بەمشێوەیە سەربگرن”.

ئهوهش ڕونكراوهتهوه، سەرچاوەی هێزەکەی زەیدیی تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو پێگەی خۆی لەلای ئیدارەی ترەمپیش بەهێزکردوە، ئەمەش لەڕێگەی گرتنەبەری چەندین ڕێکاری داراییو بانکییەوە کە تەواو لەگەڵ داواکارییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا دەگونجێن، کۆبونەوەی ئەمدواییەی نێوان زەیدییو ترەمپ، نیشانەی نزیکبونەوەیەکی سیاسیی گەورە بوە.

هاوکات ئەکادیمییەکی عێراقی-ش ڕایگەیاندوە، سەرۆک وەزیران کەناڵەکانی پەیوەندیی زۆرباشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکیدا هەیەو ئەو پێشوازییە گەرمەی لەواشنتۆنیش لێی کراوە، ئارەزوی ئیدارەی ئەمریکا نیشاندەدات بۆ پاڵپشتیکردنیو ناساندنی وەک هاوبەشێکی جێی متمانە، بەڵام لەبەرامبەردا، ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، ئەم دەسەڵاتە هێشتا زۆر ناسکو لەرزۆکە، چونکە بەستراوەتەوە بەبەردەوامبونی ناكۆكیهكانى ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی، چونکە سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە بەئاشکرا پشتگیریی کەمپەینی دژە گەندەڵی دەکات، بەڵام ململانێی توندی نێوان سەرکردە دیارەکانی ڕێگربوە لەوەی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی سەرۆک وەزیران پێکبهێنن.

لەکۆتایی ڕاپۆرتهكهدا ئاماژه بهوهشكراوه، زەیدیی تائێستا لەبەکارهێنانی هاوسەنگییە ناوخۆییو دەرەکییەکاندا سەرکەوتوبوە، بەڵام بەردەوامبونی ئەم دۆخە تەنها بەندە بەمانەوەی پاڵپشتیی دادگاو ئیدارهى ئەمریکاوه، لەگەڵ بەردەوامبونی ناکۆکییەکانی ناو بەرەکەی خۆی (چوارچێوهى ههماههنگیى)، ههروهك ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات، هەر گۆڕانکارییەک لەم هاوکێشەیەدا، ڕەنگە ڕوی ڕاستەقینەو سنوری دەسەڵاتە سنوردارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرابکات.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 207 Today: 1,828 📊 Click Here