دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و وهزیری پلاندانانی حكومهتی ماوەبەسەرچووی ههرێم ڕایگەیاند، یەكێتی بەنیازی جیاکردنەوەی سلێمانی نەبووە و حوکمڕانییەکی ڕەشید و ڕاستی دەوێت. ئەمرۆ کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەر كۆبوونەوەكە ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتی “ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە سەرەتایەکە و ئینشائەڵڵا بەو ئاراستەیە دەڕوات کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت”. دارا رەشید رەتیکردەوە یەکێتی بەنیازی جیاکردنەوەی سلێمانی بووبێت و وتی،”یەکێتی خۆی بەخاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت، ئەمڕۆ یادی رۆژی شەهیدانی یەکێتییە، بستێک لەم کوردستانە نییە لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تێیدا خوێنی نەڕشتبێت و شەهیدی نەدابێت”.
وتیشی “ئەوەی ئێمە دەمانەوێت حوکمڕانییەکی رەشید و راستە کە خزمەتکاری هەموو خەڵکی کوردستان بێت”.




