مارف خدر نوری
وەک نەخۆشێک کە ژیانی لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە و سویچی ئامێرەکەش لە گیرفانی نەیارەکەیدایە، هەرێمی کوردستان بەمجۆرە ژیانی ئابووری خۆی ڕادەستی بەغدا کردووە. کاتێک فەرمانبەر و مامۆستا مانگانە دەبێت چاوەڕێی میزاجی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەم مانگە پارەی کرێی خانوو و نانی منداڵەکانیان پێدەگات یان نا ، ئەمە ئیتر حوکمڕانی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی شکستی سیاسییە. دەسەڵاتێک کە نەتوانێت مووچەی کارمەندانی خۆی دابین بکات و دوای سێ دەیە لە خۆبەڕێوەبردن، هێشتا چاوی لە دەستی بەغدا بێت بۆ ناردنی تەنها سەدا ٤١ی شایستە داراییەکانی ، ناتوانێت بانگەشەی سەروەری و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی بکات.
ئەم پاشکۆیەتییە ئابوورییە دەرەنجامی قەدەری جوگرافی نییە، بەڵکو بەرهەمی سیستمێکە کە سامانی گشتی بۆ گیرفانی حیزب قۆرخ کردووە و ئەرکی بەخێوکردنی خەڵکیشی خستووەتە ئەستۆی بەغدا.
(وەک چۆن جۆن مەینارد کەینز دەڵێت: “باشترین ڕێگا بۆ وێرانکردنی سیستمی سەرمایەداری، تێکدانی بەهای دراو و ئابوورییەکەیەتی”) — ئەمە هەمان ئەو ڕێگایەیە کە لوبنان تێیدا چوو، کاتێک حیزب و سەرکردە تائیفییەکان دامەزراوەی نیشتمانییان دروست نەکرد، بەڵکو دەوڵەتیان کردە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی پۆست و سامان بەسەر لایەنگرەکانیاندا ، تا ئەو ڕۆژەی ئابوورییەکەیان داڕما و پارەی خەڵک لە بانکەکاندا بووە سفر. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە جیاتی بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی سەربەخۆ و شەفاف، هەرێمێکیان دروستکردووە کە قەرزەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٣ ملیار دۆلار ، لە کاتێکدا خۆیان و کۆمپانیاکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ قەڵەوتر دەبن.
ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە، کاتێک نەوت و داهاتی ناوخۆ هەبوو، وەک موڵکی شەخسی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد و خەڵکیان لێ بێبەش دەکرد، بەڵام ئێستا کە مایەپووچ بوون، بەغدا دەکەنە بیانوو بۆ برسیکردنی میللەت. ئەم تەماشاگەرییە مەدەنییەی کە هەفتانە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نمایشی دەکەن و تێیدا داوای مافە دەستوورییەکان دەکەن ، تەنها شانۆگەرییەکە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئەوان دەوڵەتدارییان نەکردووە، بەڵکو تەنها بازرگانییان بە چارەنووسی گەلێکەوە کردووە. ئەوان بازاڕێکی دەسەڵاتیان دروستکردووە کە تێیدا شکۆمەندی مرۆڤی کورد بە مووچەیەکی نیوەناچڵ دەگۆڕدرێتەوە.
ئەی مووچەخۆر و مامۆستای کوردستانی، کە هەموو سەری مانگێک وەک سواڵکەر لەبەردەم بانکەکاندا ڕیز دەبەستیت بۆ وەرگرتنی مافی خۆت؛ ئەم دەسەڵاتە لە یەکگرتوویی و توڕەیی ئێوە دەترسێت، چونکە دەزانن مانەوەیان تەنها لەسەر بێدەنگی ئێوە وەستاوە. ئەگەر ئەوان لە خۆیان و لە ڕەوایەتی خۆیان دڵنیا بوونایە، نەیاندەهێشت کەرامەتی ئێوە لەبەردەم بەغدادا بشکێت. حکومەتێک کە توانای دابینکردنی نانی خەڵکەکەی نەبێت، لە ڕووی مێژوویی و ئەخلاقییەوە مردووە — و تەنها هێزی ناڕەزایەتی ئێوەیە کە دەتوانێت ئەو ڕاستییە بەسەر کۆشکەکانیاندا بسەپێنێت!
